رووداو هەولێر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە سێ نووسراو داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە تاوەکو رۆژی 1ـی نیسانی 2022 چارەنووسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەکلابکرێتەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دەڵێت، لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەتەوە و چاوەڕوانی پڕۆژەی ئەوانن.
رۆژی چوارشەممە 23-3-2022، شیروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژانی 5-8-2019، 4-8-2021 و 3-3-2022، بە سێ نووسراوی جیاواز، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە تاوەکو 1ـی نیسانی ئەمساڵ متمانە بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدەنەوە یان ئەنجوومەنێکی نوێ هەڵبژێرن، چونکە ئەگەر بەو جۆرە نەبێت گرفتی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا درووستدەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە 13ی ئەم مانگەدا بە فراکسیۆنەکانیان گوتووە، سەبارەت بە هەڵبژاردن، پێشنیاز و بۆچوونەکانیان بنێرن و هەر فراکسیۆنێکیش دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە پڕۆژەیاسای خۆی بنێرێت.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، بەهۆی پشووەکانی نەورۆزەوە وەڵامی فراکسیۆنەکان دواکەوتووە و چاوەڕوانن دوای نەورۆز هەموویان وەڵامیان هەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عێراقی واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 1/10/2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ماوەی یاسایی بەسەرچووە و ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات، دەیانەوێت پێش یەکی نیسان گرفتە یاساییەکانیان چارەسەر بکرێت، چونکە وەکو کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە، بۆ ئامادەکارییەکانیان شەش مانگ کاتیان دەوێت.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 9 ئەندام پێکدێت؛ سێ ئەندام لە پارتی، دوو ئەندام لە یەکێتی، گۆڕان دوو ئەندام و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری هەریەکە و ئەندامێکیان لە ئەنجوومەنەکە هەیە؛ ئێستا دوو ئەندامی ناو ئەنجوومەنەکە نەماون، یەکێکیان کۆچی دواییکردووە و ئەوی دیکەیان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کار دەکات.
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو؛ لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 845 هەزار و 979 کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد، بەمەش رێژەی بەشداری 59٪ بوو لەو هەڵبژاردنەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ