رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری کویەشتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر سێ کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە کە لە جۆری کریستاڵ و هیرۆیینە و سێ کەسیش دەستگیرکراون.
عەلی ئەمانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری کویەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، تیمەکانیان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتیان چاودێری کردووە کە گومان کراوە مادەی هۆشبەری تێدا شاردرابێتەوە.
عەلی ئەمانی گوتی، دوای پشکنینی ورد بۆ ئۆتۆمبێلەکان، دەرکەوت کە دوو کیلۆگرام هیرۆیین و یەک کیلۆگرام کریستاڵیان تێدا شاردراوەتەوە.
پۆلیس دەستی بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلدا گرت و سێ کەسیش لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەکە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کویەشت گوتیشی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتباران باندێکی سێ کەسی بوون کە مەبەستیان بووە لە پارێزگاکانی دیکەوە مادەی هۆشبەر ببەنە لوڕستان.
بەگوتەی یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان، مانگی رابردوو لەو پارێزگایە دەست بەسەر 395 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و چوار هەزار و 774 حەبی کارلێکەرە عەقڵییەکاندا گیراوە و 220 کەسیش دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ