رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، تەنیا رۆژی دووشەممە 10 درۆن ئاراستەی هەرێمی کورستان کراوە، لەو ژمارەیە چواریان ئەمشەو ئاراستەی سەنتەری هەولێر و دەوروبەری کراون.
نزیک کاژێر 08:00ـی ئەمشەو دووشەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران و پاشماوەکانیان کەوتنە گەڕەکەکانی شارەکەوە.
هەر شەوی دووشەممە، درۆنێک لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە هەولێر کەوتە خوارەوە. بەرپرسێکی ئەمنی بە رووداوی گوت: "درۆنەکە لە جێگەیەک کەوتووە کەسی لێ نەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
شەوی دووشەممە، بە درۆنێک کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە گردەچاڵ لە نزیک شاری هەولێر بۆردوومان کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، نزیک کاژێر 05:30ـی بەیانی، درۆنێک دوای پێکرانی لەلایەنی هێزی بەرگرییەوە، کەوتە سەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر و بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە.
هەروەها ئێوارەی دووشەممە، درۆنێک لە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە. هەر ئەمڕۆ، لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چوار درۆن کەوتنە خوارەوە. دیارنییە خۆیان کەوتوون یان خراونەتە خوارەوە.
لەبارەی زیانەکانی هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆوە، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
بەگوێرەی بەدوادچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بە زیاتر 400 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ