رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان" کردووە، سوپاسی فەرەنساشی کرد لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە. وەزیرە فەرەنسییەکەش باسی پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریسی کرد و گوتی، "هاتووم بۆ لاتان بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بەم پەیوەندییە و ئارەزوومان بۆ گەشەپێدان بهمهبهستی دروستکردنی داهاتووی هاوبەش".
نێچیرڤان بارزانی، ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ژان نۆیێل بارۆ کرد، باسی لەوەش کرد، "دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز هەڵدەسەنگێنین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جەخت لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەکەینەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و هاریکاریی ئابووری و کولتووری و بوارەکانی دیکەیش".
نێچیرڤان بارزانی ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەی بە دەرفەت زانی و گوتی، "سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا، چاومان لە هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکە".
وێنە... ساتی پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر pic.twitter.com/QG0bDDP7tO
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 23, 2025
لای خۆیەوە، وەزیرە فەرەنسییە سوپاسی پێشوازییەکەی کرد و رایگەیاند، ئەم سەردانەی بۆ هەولێر، نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی فەرەنسایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، "دۆستایەتییەکی تایبەت هەیە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لەنێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵدا، پەیوەندیی بەهێز و برایانەمان گەشەپێداوە، که لەسەر خەباتی هاوبەش و پابەندبوون بە ئازادی، دامەزراوە".
ژان نۆیێل بارۆ هیوای خواست "دۆستایەتیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بەهێزتربێت" و گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا، جەنگ دژی داعش فاکتەرێک بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان و دەتوانم بڵێم کە لە نێوانماندا (برایەتیی چەک)ی راستەقینە هەیە. هێزەکانمان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پاڵ پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات".
وەزیرە فەرەنسییەکە بە نێچیرڤان بارزانیی گوت، "دەمەوێت لەبەردەمتاندا ستایشی ئازایەتی و فیداکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئاشتی و گەشەسەندن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەدەست بێت بەبێ پاراستنی فرەیی لە ناوچەکە".
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی:
ئێوارەتان باش و بەخێربێن، زۆر خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لێرە لە هەولێر، پێشوازی لە جەنابی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکەین، سوپاسی جەنابیان دەکەم کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئێمە گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا ئەنجام دا. دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز هەڵدەسەنگێنین، جەخت لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەکەینەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و هاریکاریی ئابووری و کولتووری و بوارەکانی دیکەیش، هەر لەم دەرفەتە سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا، چاومان لە هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکە. جەنابی وەزیر دووبارە بەخێربی بۆ هەولێر.
دەقی قسەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:
بەڕێز سەرۆک، ئازیزم نێچیرڤان بارزانی، مایەی خۆشحاڵیی گەورەمە کە ئەمڕۆ لێرەم لەگەڵتان لە هەولێر، لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق، سەردانێک کە نەمدەتوانی بیری لێبکەمەوە بەبێ وەستان لە دڵی هەرێمی کوردستان.
دەمەوێت سوپاستان بکەم، هەروەها سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ گەرمیی پێشوازیکردن و نیشانەی دۆستایەتیتان. دۆستایەتییەکی تایبەت هەیە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لەنێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا، پەیوەندیی بەهێز و برایانەمان گەشەپێداوە، که لەسەر خەباتی هاوبەش و پابەندبوون بە ئازادی، دامەزراوە.
فەرەنسا یەکەم دەستپێشخەریی کرد، لە 5ی نیسانی 1991، بۆ هاندانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو پەسەندکردنی بڕیاری 688، کە رێگەی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە عێراق خۆشکرد.
لە ساڵانی رابردوودا، جەنگ دژی داعش فاکتەرێک بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان و دەتوانم بڵێم کە لە نێوانماندا (برایەتیی چەک)ی راستەقینە هەیە. هێزەکانمان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پاڵ پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
دەمەوێت لەبەردەمتاندا ستایشی ئازایەتی و فیداکاریی هێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئاشتی و گەشەسەندن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەدەست بێت بەبێ پاراستنی فرەیی لە ناوچەکە. ئەوەم پێش کەمێک بە پەتریارکی کلدانی مار لویس ساکۆ گوت کە دڵسۆزیی نەگۆڕی فەرەنسام بۆ دووپات کردەوە.
ئەمڕۆش، دووبارە بۆ جەنابی سەرۆک و بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، هاریكاریی فەرەنسا و رۆحی دیالۆگ کە تایبەتمەندیمانە، دووپات دهكهمهوه.
سەرەتای هاریكاریمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، دوژمنی هاوبەشمان کە سەرەڕای لاوازی، هێشتا تواناى دروستكردنی مهترسییان هەیە. نە فەرەنسا، نە کوردستانی عێراق کە هەردووکیان زۆر ئازاریان بینیوە لە تیرۆری ئیسلامی، ناتوانن سازش بکەن یان پاشەکشە لە دەستکەوتەکانی 10 ساڵ خەبات بکەن.
ئێمە هێشتا سوورین لەسەر پێشکەشکردنی هەموو پشتگیرییەکی پێویست بۆ هاوبەشەکانمان لەم ململانێیەدا، هەروەها هاوكاری لهبارهی دهرئهنجامی ناکۆکییەکان کە ناوچەکە بە تەواوی دەهەژێنن.
ناوەندەکانی قەیران زۆرن، لە جەنگی غەزەوە بۆ گرژیی لەگەڵ ئێران، هەروەها دەرئەنجامەکانی رووخانی بەشار ئەسەد و ئاستەنگەکانی قۆناخی گواستنەوە لە سووریا.
ئەگەر هەولێر لە ساڵی 2023 و كانوونی دووهمی 2024دا بەر هێرش کەوتبێت، عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی توانیویانە خۆیان لەو گرژییە هەرێمییانە دوور بگرن، بەڵکوو بەشداریشیان کردووە لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە.
دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی کە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەیکەین، بەهایەکی زۆری هەیە، بۆ شکاندنی بازنەى توندوتیژی کە هێرشی تیرۆریستیی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هەڵیگیرساند.
جەنابی سەرۆک، ئاماژە بە هەماهەنگیی نزیکمان دەکەم، بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی جەنەراڵ مەزڵووم و هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە سووریا و یەکخستنی ریز و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی بەردەوام لە سووریا، بە جۆرێک کە فرەیی و مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری و بەردەوامیی جەنگی دژی تیرۆری ئیسلامی دابین بکات. پاش کەمێکی دیكه گفتوگۆ لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم دەکەم لەسەر ئەم بابەتە.
لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا، فەرەنسا باوەڕی وایە کە هێزی دامەزراوە دیموکراتییەکان، کە هەرێمی کوردستان نموونەكهیهتی لە ناوچەکەدا، بەشێکی گرنگە. ئەمەیە واتای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان کە لە هەرێمدا لە ئۆکتۆبەری رابردوو ئەنجامدران، هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی کە بۆ پایزی داهاتوو دیاریکراون.
فەرەنسا پشتگیری کردووە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنانە. ئەمەش گرنگییەکی زۆر دەدات بە گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە توانای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناسەقامگیریی هەرێمی بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا، ئەمە واتای ئەو دیالۆگەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدایە و فەرەنسا وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی عێراق و ئاسایش و گەشەسەندنی دەیبینێت و بە ههمان شێوه ئەمنیەت و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لە ناویدا.
زۆر شتمان هەیە پێکەوە بیکەین جەنابی سەرۆک، وەک فەرەنسی و کورد. هەوڵەکانمان لە بواری دیپلۆماسی و کولتوور لە کوردستان رەنگدانەوەی هەیە لە پرۆژەی بەرجەستەی رۆژانە. هاتووم بۆ لاتان بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بەم پەیوەندییە و ئارەزوومان بۆ گەشەپێدان بهمهبهستی دروستکردنی داهاتووی هاوبەش.
ئەمە ئامانجە لە پشتگیریمان بۆ پەروەردەی گەنجان لەڕێگەی پەیمانگهی فەرەنسی لە هەولێر و پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و هەردوو قوتابخانەی فەرەنسی "دانیێل میتران" لە سلێمانی و هەولێر.
ئەم دامەزراوانە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی زمانی فەرەنسی و کولتوور و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی. هەروەها ئێمە کار بۆ پشتگیریی گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان دەکەین، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کە رێگەیەکە لەگەڵ فۆرمی ئابووریی فەرەنسی-کوردی دەستی پێکرد کە لە سێپتەمبەری رابردوودا بەستران و کار دەکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنی.
ئەمانە ئەو بابەتانەن کە ویستم بە متمانەوە لەگەڵتان گفتوگۆی لەسەر بکەم جەنابی سەرۆک، ههروهها لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێم. ئەوەم کرد بە ڕۆحی دۆستایەتی و هاریكاری و دڵسۆزی کە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی فەرەنسی-کوردیمانە.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ