رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و نیو بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ، پارتی و یەکێتی باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن. پارتی بە چارەسەری دەزانێت و یەکێتیش دەڵێت دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن پارەیەکی زۆری دەوێت.
پارتی: رێککەوتن نەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی 20ـی ئۆکتۆبەری 2024ـە، بە بەدەستهێنانی 39 کورسی، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی گوتی، ئەگەر ئەو دۆخە سیاسییەی هەیە لە ناوچەکە باش بێتەوە، یەکێتی و پارتیش جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، چونکە بە بڕوای ئەو دۆخەکە هەستیارە و پێویستە هەرێمی کوردستان و لایەنەکان بێلایەنیی خۆیان بپارێزن.
ئەحمەد کانی وەک بژاردەیەک بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی دەڵێت: "ئەگەر نەگەینە هیچ ئەنجامێک هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەینەوە، لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەربێت، چونکە ئەوەی ئێستا خەڵک دەیزانێت پێش هەڵبژاردن نەیاندەزانی."
لە بەرامبەردا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی 23 کورسییە، نایەوێت پڕۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە خاڵی سفر. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ناترسین و دۆخمان لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردوو باشترە، بەڵام دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن پارەیەکی زۆری دەوێت."
سەعدی پیرە گوتی، لەبری خەرجکردنی پارە بۆ هەڵبژاردن، "خەڵکی پێ دابمەزرێندرێت، قوتابخانە، نەخۆشخانە و پۆند و بەنداو بۆ خزمەتی گشتی بنیات بنرێت."
لەبارەی شێوازی حکومەتی داهاتوو، سەعدی پیرە جەختی کردەوە کە "دەبێت حکومەت یەکێتی و پارتی تێدا بێت و حکومەتێکی بنکەفراوان بێت." هۆشداریشی دا کە تەنیا "ناکۆکی ناوخۆیی" دەبێتە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە رووی یاساییەوە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان مەرجی هەیە. هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ رووداو دوو مەرجی سەرەکی بۆ ئەم هەنگاوە دەخاتەڕوو:
1. دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەگەر لە ماوەی 45 رۆژدا دانیشتنی یەکەم نەکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات (ئێستا تەنیا سوێندی یاسایی خواردووە).
2. دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ: ئەگەر 51 ئەندام پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکەن، پەرلەمان پەکیدەکەوێت و هەڵدەوەشێتەوە.
رۆژی 2-12-2024، بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەن بەڕێوەچوو.
ئەگەر هەر هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە دەکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشان دەدات، بەڵام بە مەرج. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت: "هیچ کێشەیەک نییە بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام پێویستی بە بودجەیەک هەیە هاوشێوەی جاری رابردوو کە نزیکەی 50 ملیار دینار بوو."
بە گوتەی عیماد جەمیل، لە رۆژی بڕیاردانەوە، کۆمیسیۆن پێویستی بە 6 مانگ کات هەیە بۆ ئامادەکاری.
لە کاتێکدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 20-10-2024 لایەنەکانی بەم شێوەیە بوو: (پارتی 39، یەکێتی 23، نەوەی نوێ 15، یەکگرتوو 7، هەڵوێست 4، کۆمەڵ 3، بەرەی گەل 2، هاوپەیمانی هەرێم 1، گۆڕان 1)، یەکێتی و نەوەی نوێ لێکتێگەیشتنیان هەیە و بە هەردووکیان دەبنە 38 کورسی.
ئێستا چاو لەسەر ئەوەیە ئایا لایەنەکان دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، یان وەک ئەحمەد کانی ئاماژەی پێدا، "هەڵبژاردنی پێشوەختە" دەبێتە تاکە دەرچە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ