نێچیرڤان بارزانی و عێراقچی بیروڕایان لەبارەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور گۆڕییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، یەکێک لەو تەوەرانەی لە پەیوەندییەکەدا باسیان کردووە، بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور بووە.
 
شه‌وى رابردوو هه‌ينى‌ 22-05-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران په‌يوه‌ندييه‌كیى ته‌له‌فۆنييان ئه‌نجام دا.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "پەرەپێدانی په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران، بەتایبەتى لە بواری ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانیدا تاوتوێ كراوە. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌."
 
له‌ تەوەرێکی ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا، بەپێی راگەیێندراوەکە، باسيان له‌ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە كرد و "جه‌ختيان له‌ گرنگیی هەوڵی وڵاتانی ناوچەکە کرده‌وه‌ بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
 
چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌يان بوو.
 
میدیای فەرمیی ئێرانیش لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و ئەو پرسانە تاوتوێ کراون کە جێگەی بایەخی هەردوولان.
 
رۆژی 24-04-2026یش سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
ئەو رۆژە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچەکە گۆڕییەوە، هه‌روه‌ها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامى و سەقامگیری و هاتنه‌ديى ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه‌."
 
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییانە لە کاتێکدان، هەوڵێکی چڕی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت و ببێتەهۆی هەبوونی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.