رووداو دیجیتاڵ
بارهەڵگرێک لە دیلۆکی باکووری کوردستان خۆی بە ئۆتۆمبیلێکدا کێشا و دوایی کەوتە نێو دۆڵێک و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 23-5-2026 لە سنووری شارۆچکەی نورداغ لە رێگەی سەرەکیی ئەدەنە-دیلۆک روویدا.
بارهەڵگرەکە سەوزەی بارکردبوو و چوار کەسی تێدا بوو، لە ئۆتۆمبیلێکی دا کە لە پێش خۆی دەڕۆیشت و دواتریش کەوتە نێو دۆڵێک.
ئیسلام گۆرگولوی شۆفێری بارهەڵگرەکە، عەبدولرەحمان بۆلوش (64 ساڵ) و مەولوود گۆرگولو (37 ساڵ) لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
هەروەها ژنێکی تەمەن 60 ساڵ بەناوی (غوربەت) بە سەختی بریندار بوو.
ئۆتۆمبیلەکەش دوو کەسی تێدابوو و هەردووکیان بریندار بوون.
ئەو چوار کەسەی نێو بارهەڵگرەکە، لە مێرسینەوە بەرەو رووهای باکووری کوردستان دەچوون.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، لە ساڵی 2025دا لە تورکیا و باکووری کوردستان ملیۆنێک و 549 هەزار و 574 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون.
لەو رووداوانەدا شەش هەزار و 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و 460 هەزار و 593 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ