رووداو- هەولێر
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەوەی دەنگی پەرلەمانتاران دەستلەكاركێشانەوەكەی ئاری هەرسین رەتكرایەوە و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش داوای لێكرد وەك پەرلەمانتار لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بەشداربێت و پەیوەندی بە پەرلەمانەوە بكاتەوە.
لە یەكەم هەڵوێستیدا دوای رەتکردنەوەی داواکەی، ئاری هەرسین رایگەیاند، کە دەگەرێتەوە پەرلەمانی كوردستان و لەو رۆژانەش كە كاری پەرلەمانی نییە، "دەگەرێمەوە بەرەكانی شەڕ".
ئاری هەرسین كە ئێستا لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕە لەگەڵ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعشت) لە میحوەری مووسڵ، سەبارەت بە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی كردو گوتی:" رەتكردنەوەی دەستلەكاركێشانەوەكەم لە لایەن كۆی ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتی ئەمرۆدا نامەیەك بوو بۆ من، كە لە لایەن تەواوی نوێنەرانی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانییەوەیە، منیش پابەندی ئەو بریارە دەبم و دەگەڕێمەوە سەر كارەكەم، وەكو پەرلەمانتارو سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی گوت:" ئەو رۆژانەی كە لە پەرلەمانی كوردستان كارم نییە یاخود پشووم بێت، بڕیامداوە بگەڕێمەوە بەرەكانی شەڕ و وەك پێشمەرگەیەك بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەم".
ئاری هەرسین سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 1-8-2014 و لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای كردبوو پلەیەكی سەربازی پێبدرێت و دەستلەكاركێشانەوەی خۆشی لە پەرلەمانتاری راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ