رووداو دیجیتاڵ
دادگەی ئیستەنبووڵ بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیە بەشوودانی کچێکی تەمەنی شەش ساڵی دا و باوکی کچەکە و هاوژینی پێشووی ژنەکەی سزا دا.
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوول دادگای باڵای تاوانەکانی دووەمی ئەنادۆڵ لەسەر دۆسیەی "هـ. ک. گ." کۆبووەوە کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەلایەن یوسف زیا گوموشەل ـی باوکییەوە لە موریدێکی خۆی مارە کرابوو.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دادگە سزای 18 ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەر یوسف زیا گوموشەل باوکی منداڵەکە و 36 ساڵ زیندانیکردنی قادر ئیستەکلی ـی هاوژینی پێشووی منداڵەکەدا سەپاند.
لەو دۆسیەیەدا، یوسف زیا گوموشەل ـی باوک و فاتیمە گوموشەل ـی دایکی منداڵەکە لەگەڵ قادر ئیستەکلی ـی هاوژینی پێشووی منداڵەکە دادگایی دەکران.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی بۆ منداڵان" داوای 30 ساڵ زیندانی بۆ قادر ئیستەکلی، 18 ساڵ زیندانی بۆ یوسف زیا گوموشئەل ـی باوک و فاتیمە گوموشئەل ـی دایکی منداڵەکە کردبوو.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 30ـی کانوونی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو. لە دانیشتنی دووەمدا کە لە 27ـی شوباتی هەمان ساڵ بەڕێوەچوو، داواکاری گشتی داوای سزادانی تۆمەتبارانی کرد.
مارەکردنی ئەو منداڵە لە تەمەنی شەش ساڵیدا، ماوەی چەند ساڵێکە لە تورکیا مشتومڕی ناوەتەوە. ئەو منداڵە دوای چەندین ساڵ، لە 2021 دا لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و لە دادگەی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی سکاڵای تۆمارکردووە.
یوسف زیا گوموشئەل ـی باوکی کچەکە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی وەقفی هیرانوور کە سەربە جەماعەتی ئیسماعیل ئاغایە و لە تەریقەتی نەقشبەندین. ساڵی 2002 کاتێك کچەکەی شەش ساڵان بووە لە موریدێکی خۆی بە ناوی قادر ئیستەکلی مارەی کردووە، کە قادر ئەوکات تەمەنی 29 ساڵ بووە. کچەکە لە تەمەنی 14 ساڵیدا گوازراوەتەوە و لە 17 ساڵی بووەتە دایک و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تۆماری فەرمی هاوسەرگیری بۆ کراوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە تورکیا 800 قوتابخانەی کارای ئاینی ھەن، کە زۆربەیان لە باکووری کوردستانن. هەروەها لە تورکیا 10 ھەزار و 53 قوتابخانەی تایبەت ھەن کە سێیەکیان سەر بە جەماعەتە ئاینییەکانن و زیاتر لە 200 ھەزار منداڵ، مێرمنداڵ و گەنج لەو قوتابخانانەدا دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ