کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی دووکان - رانیە دەستپێدەکاتەوە؛ "لە 1000 رۆژدا تەواو دەکرێت"
رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە جووتسایدی نێوان دووکان - رانیە دەستیپێکردەوە، تێچووەکە 243 ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەی 1000 رۆژدا تەواو بکرێت. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، نەبوونی پارە نامانوەستێنێت.
ئامێرەکانی کۆمپانیای گەردی، خاوەن پرۆژە ستراتیژییەکە چەند رۆژێکە بە درێژایی 28 کیلۆمەتر لە قۆناخی دووەمی جێبەجێکردنی جووتسایدەکەن و لەنێوان چوارقوڕنە - خەلەکان کار دەکەن.
کۆمپانیاکە ئامانجیانە تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ چوارقوڕنە تاوەکو خەلەکان بکەنە جووتساید و دەڵین، پارەی پێویست و ئامێر و کەرەستەیان ئامادەیە و "بێ دوودڵی کارەکە تەواو دەکەین."
محەممەد ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیار پرۆژەکە بە تۆریی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بێ پارەیی نامانوەستێنێت، ئەو پارەی ئامادەمان کردووە، دەتوانین کاری زۆر باشی لە پرۆژەکە پێبکەین."
پرۆژەکە درێژییەکەی 38 کیلۆمەترە، لە دووکان تاوەکو چوارقوڕنەیە، قورسترین بەشی کارەکانی قۆناخی سێیەمە کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە لەنێوان دووکان - خەلەکان. کۆمپانیاکە دەبێت زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر سێجا شاخ ببڕن، ئەوەیش وایکردووە پرۆژەکە کاتی زیاتر و تێچووی زیاتر بێت.
دانیشتووانی ئەو شار و گوندانەی لەسەر رێگەکەن زۆرینەیان خاوەن قوربانیی ئەو رێگە مەترسیدارەن. حەسەن کەریم، دانیشتووی خەلەکان دەڵێت، "پێشتر هەر دەیانگوت ئەم دەیکات و ئەو دەیکات، دوای ماوەیەک دەڕۆشتن. ئەمەی ئەمجارە دەڵێن یەکجاری دەکرێت. داوامان هەر ئەوەیە تەواوی بکەن."
جەنگی کەریم، دانیشتووی خەلەکان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمجارە باش ئیشی تێدا دەکەن، بەڵکو زوو تەواو ببێت و لە یەخەی ئەو رێگایە ببینەوە."
سەعدوڵڵا عومەر، دانیشتووی خەلەکان باسی لەوە کرد، "دوو ئامۆزا و خاڵۆزام و خەڵکی دیکەشم قوربانیی ئەم رێگەیەن."
حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، بۆ تەواوکردنی کارەکان هەماهەنگ و پاڵپشتن. عەتا محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیاکە خاوەن سیڤییەکی پاک و باشە، وەکو نووسینگەی کاک قوباد، هەموو هەوڵێک دەدەین شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە دوانەکەوێت."
پرۆژەی جووتسایدی رانیە - دووکان بە سێ قۆناخ تەواو دەکرێت، قۆناخی یەکەم لە ساڵانی رابردوو تەواو کراوە، بۆ ئەو دوو قۆناخەی ماوە 243 ملیار دینار تێچووەکەیەتی و دوو ساڵ و نیو ماوەی تەواوکردنیەتی.