رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 24 کەس لە پارێزگاکە لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و 538 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، بێهتاش خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 23 پیاو و ژنێک بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە."
بێهتاش خانی گوتی: "لەو ماوەیەدا 538 کەسی دیکەش بریندار بوون کە 522 کەسیان پیاو و 16 کەسی دیکەیان ژن بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان روونیکردەوە، ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا 22 کرێکار لە کاتی کارکردندا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە کە 22یان پیاو و یەکێکیان ژن بووە.
بەگوتەی بێهتاش خانی، ساڵی رابردوو لە شەش مانگی یەکەمدا 392 کرێکاریش بریندار بوون، کە 19یان ژن و 373ی دیکەیان پیاو بوون.
دەشڵێت، لەو کرێکارانەی لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە، 15یان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، 3 کەس بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس، 3 کەس بەهۆی شۆرتی کارەبا، 1 کەس بەهۆی سووتان، 1 کەس بەهۆی تەقینەوە و کەسێک بەهۆی بەرکەوتنی شتی دیکەوە بووە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆری کڕێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدەدەن.
رۆژی 19ی ئابی 2025، دادپزیشکیی ئێران رایگەیاند، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، دوو هەزار کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە و 26 هەزار و 548 کرێکاریش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ