341 زانای ئایینی لەبارەی (ئەی رەقیب)ەوە وەڵامی لیژنەی باڵای فتوا دەدەنەوە

23-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەی رەقیب
A+ A-

رووداو – هەولێر

ژمارەیەك زانای ئایینی لە وەڵامنامەیەكدا بۆ لیژنەی باڵای فتوا دەربارەی سرو‌ودی (ئەی رەقیب) ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەو لیژنەیە "شپرزە" بوونن هەروەها دەڵێن "لایەنێك" لەپشت جو‌وڵاندنی ئەم بابەتەوەیە.


ئەو 341 زانا ئایینییە دەڵێن " ئەكادیمیای كوردی ئەوەی پشتڕاستكردۆتەوە كە سر‌وودەكە (مارشی نەتەوەیی)ە، نەك سر‌وودی نیشتمانی، كە گوزارشت لە هەموو هاونیشتمانییان بكات".

ئاماژە بەوەش دەكەن، كە ئەگەر دڵداری شاعیر خۆشویستی دین و ئاین هاوتای خۆشویستنی نیشتمان بكات، ئەوا بە گوتەی ئەوان بەتەواوی پێچەوانەی چەندین دەقی قورئانە.

دەقی وەڵامنامەكە:
وەڵامی (341) زانای ئاینیی

 بۆ ڕونكردنەوەكەی لیژنەی باڵای فەتوا دەربارەی (سرودی ئەی ڕەقیب)

 

پاش ئەوەی لە (19/11/2013) لیژنەی باڵای فتوای كوردستان ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەو ئیشكالیەت و مشتومڕەی لەسەر هۆنراوەی (ئەی ڕەقیب) دروست بوو، بەپێویستی دەزانین وەك كۆمەڵێك لەمامۆستایانی ئاینی و بانگخوازان چەند بەرچاو ڕونییەك بۆ جەماوەری مسوڵمانی كوردستان بڵاوبكەینەوە:

1-      ڕونكردنەوەكەی لیژنەی باڵای فتوا شپرزەیی زۆری پێوەدیارەو هەستیش بەوە دەكرێت كەلایەنێك لەپشت جوڵاندنی ئەم مەسەلەوەیە تاكو لیژنەی ناوبراو ڕونكردنەوە لەسەر (هۆنراوەی ئەی ڕەقیب)  بڵاوبكاتەوە.

2-       لەخاڵی یەكەمی ڕونكردنەوەكەی لیژنەی باڵای فتوای كوردستاندا بۆ شەرعیەتدان بەسرودەكە پشت بەوە بەستراوە كە ئەو سرودە بەئامادەبوونی چەندین مەلاو زانای ئاینی و گەورەپیاوانی كۆماری كوردستان لەمهاباد لەبەری هەستاونەتە سەرپێ،  دیارە ئەوەش ناكرێتە بەڵگە بۆ ئەوەی هۆنراوەكە كێشەی شەرعی لەسەر نەبێت.

3-      ئەكادیمیای كوردی ئەوەی پشت ڕاست كردۆتەوە كە سرودەكە (مارشی نەتەوەیی) یە نەك سرودی نیشتمانی كەگوزارشت لەهەموو هاونیشتمانیان بكات.

4-      لەخاڵی دووەمی ڕونكردنەوەكەیاندا لیژنەی فتوای كوردستان سەبارەت بەكۆپلەی (دینمان و ئاینمان هەر نیشتمان) دەنوسن : " وشەی (هەر)ی بۆ زیاد كراوە كەلەهۆنراوە ئەسڵییەكەدا وشەی (هەر) بوونی نیە و مەبەستیش ئەوەیە كە (بەهێندەی دین و ئاینمان نیشتمانمان خۆش دەوێت)، لێرەدا لیژنەی باڵا ئەوە ساغ دەكاتەوە كەمەبەستی شاعیر ئەوەبووە خۆشویستنی (دین و ئاین) یەكسانە لەگەڵ (خۆشویستنی نیشتمان) ئەگەر وادابنرێت ئەم لێكدانەوەی لیژنەی باڵای فتوا بۆ هۆنراوەكە بەوجۆرەیە، ئەوا یەكسان كردنی خۆشەویستی دین و ئاین وەك نیشتمان بەتەواوی پێچەوانەی چەندین دەقی قورئانە، هەرچەندە ئینسانی مسوڵمان لەسەری پێویستە نیشتمانەكەی خۆی خۆش بوێت بەڵام هیچ كات ئەو خۆشەویستییە یەكسان نییە بەدین و ئاینی.

5-      لێرەوە لەلیژنەی باڵای فتوای كوردستان دەپرسین: ئایا دەتوانن ئەوەمان بەبەڵگەی شەرعی بۆ بسەلمێنن كە دین و ئاین لەخۆشویستندا هاوتای نیشتمانە؟ كەئەگەر وابێت ئەوە نەتەوەپەرستی و نیشتمان پەرستییە نەك نیشتمان خۆش ویستن، خوای پەرورەردگار دەفەرموێت : (والذین امنوا أشد حبا لله) البقرە -165-.

6-       وشەی دین هیچ تەئویلێك هەڵناگرێ و هەبوون یان نەبوونی وشەی (هەر) لەسەر ئەو كۆپلەیە هیچ لەماناكەی ناگۆڕێت، چونكە وشەی دین زاراوەیەكی قورئانییەو خوای پەروەردگار دەفەرمووێت : (وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإسْلامَ دِينًا) المائدە -3- هەروەها دەفەرمووێت : (إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللّهِ الإِسْلاَمُ) ال عمران -19-.

قسەكردنیش لەسەر مەبەستی شاعیر لەسەر ئایدیاو تێڕوانینی پێشوی شاعیرەكەیە وەك دەبینین لەهۆنراوەیەكی تریدا كەبیروبۆچونی شاعیر (دڵدار) دەردەخات دەڵێت:

بڵێ كوردستان تۆ منت خولقان

تۆ منت خولقاند پێت بەخشیم ژیان

چونكە كوردستان كوردستانی جوان

قیبلەی منی دینمی خوای بێگومان

7- لیژنەی باڵای فتوای كوردستان لەم ڕونكردنەوەیدا سەلماندویەتی كە هۆنراوەی ئەی ڕەقیب ئیشكالیەتی هەیە و سرودێكی نەتەوەییە، بۆیە پێویست دەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی ئەوە بدەن هەرێمی كوردستان ببێت بەخاوەنی سرودێكی نیشتمانی كەتەعبیر لەهەموو نەتەوەو ئاین و پێكهاتەیەك بكات، یان ئەم سرودە (ئەی ڕەقیب) بەتەواوی لاببرێت، یان لەكەمترین حاڵەت دا تەعدیل بكرێت و ئەو كۆپلانەی لاببرێت كە مشت و مڕی لەسەرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە