DIE LINKE كچێكی كورد كاندید دەكات

23-11-2013
نیشانەکردن كچێكی كورد
A+ A-

رووداو - میونشن

پارتی چەپی ئەڵمانیا DIE LINKE بە مەبەستی راكێشانی سەرنجی رای گشتی، كچە پەناخوازێكی كورد كە لەژێر هەڕەشەی دیپۆركردندایە، كاندید دەكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەكانی ئەڵمانیا. سوڵتان كارایگت، كە كچە پەناخوازێكی كوردە و لە هەرێمی میونشنی ئەڵمانیا دادەنیشێت، هەرچەندە مافی دەنگدان و خۆكاندیدكردنی نییە، بەڵام لەلایەن پارتی چەپەوە كاندید كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی میونشن. بەرپرسانی ئەو پارتە دەڵێن ئامانجیان لەو كارە ئاگاداركردنەوەی رای گشتییە لە دۆسیەی ئەو كچە كە تاوەكو ئێستا حكومەتی ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتی نەداوەتێ.

رۆزا كارایگت، یەكێكە لە بەرپرسانی پارتی HADEP كە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو لەلایەن حكومەتی توركیاوە قەدەغەكرا، دوای فشارێكی زۆر لەسەری، ناچاربوو زێدی خۆی جێبهێڵێت و روو لە ئەڵمانیا بكات. دواتر سوڵتانی كچیشی هێنایە لای خۆی، چونكە سوڵتان بەشداری زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و چالاكیانەی كوردانی دەكرد كە لە شارەكانی باكووری كوردستان سازدەكران، بۆیە لەلایەن پۆلیسەوە خرابووە ژێر چاودێری و چەندینجاریش پۆلیس ئاگاداری كردبووەوە كە واز لەو چالاكیانە بهێنێ.

سوڵتانیش وەكو دایكی بەهۆی فشارەكانی پۆلیس ناچاربوو زێدی خۆی جێبهێڵێت، بەڵام كاتێك گەیشتە شاری نۆرنبێرگ و بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی سەردانی فەرمانگەی كۆچبەرانی كرد، فەرمانگە جگە لەوەی مافی پەنابەری پێنەدا، بڕیاریشی دا كاتێك تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ دیپۆرتی بكاتەوە بۆ توركیا.

سوڵتان بە پشتگیریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان و ناوەندەكانی نزیك لەو حیزبە تۆمەتبار كرابوو، بۆیە حكومەتی ئەڵمانیا ئامادە نەبوو مافی پەنابەرێتی بداتێ. هەروەها پەیوەندیكردنیشی بە كۆمەڵەی میدیا لە شاری نۆرنبێرگ وەكو تاوان بۆ حیساب كرابوو. ئەمە لە كاتێكدایە كۆمەڵەی ناوبراو بەهاوكاری فەرمانگەی كەلتووری شاری نۆرنبێرگ چەندین چالاكی كەلتووری رێكخستوون.

بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی فەرمانگەی كۆچبەران "مانەوەی سوڵتان لە ئەڵمانیا مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا". بۆیە داوایان لە حكومەتی ئەڵمانیا كردبوو ئەو كچە كوردە سنوورداش بكاتەوە بۆ وڵاتی خۆی.  سوڵتان لە ترسی دیپۆرتكردنەوەی سەردانی چەندین رێكخراو و ناوەندی تایبەت بە پەنابەرانی كردووە. هەرچەندە ئەو مافی ژیانی هەیە لەگەڵ كەسوكارەكەی لە ئەڵمانیا تاوەكو تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، بەڵام ئێستا لە شاری میونشن لە كەمپێكی پەنابەران دەمێنێتەوە.

هەر لەبەر ئەوەی مافی مانەوەی نەدراوەتێ، سوڵتان ناتوانێت بشخوێنێت. سوڵتان ماوەیەكە مافی كاركردنی پێدراوە، لە پاڵ كاركردن لە قوتابخانەیەكی شەوانیش دەخوێنێت.

تاوەكو ئێستا چەندین چالاكی بۆ پشتگیری لە سوڵتان رێكخراون، بەمدواییە پەرلەمانی هەرێمی میونشن بڕیارێكی ئەرێنی لەبارەی ئەو كچە كوردە دا، بە واژووی 2400 كەس هەندێك لە پەرلەمانتارانی هەرێمی میونشن سەردانی ئەو كچەیان كرد، بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ لە پەرلەمانی میونشن گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی ئەو كچە بكرێت.

پارتی چەپی ئەڵمانیاش رێگەیەكی نوێی تاقیكردووەتەوە بۆ پشتگیریكردن لە سوڵتان، دی لینكە بڕیاری داوە سوڵتان كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەكان لە شاری میونشن كە بڕیارە لە 16ی ئاداری 2014 ئەنجام بدرێ.
هەرچەندە لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەڵمانیا رەنگە رێگە بە خۆ كاندیدكردنی ئەو كچە كوردە نەدات، بەبیانووی ئەوەی وڵاتینامەی ئەڵمانیای نییە، بەڵام دی لینكە دەیەوێ بەو رێگەیە سەرنجی رای گشتی بۆ دۆسیەی سوڵتان رابكێشێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە