برایەكی مامۆستا وشیار ئیسماعیل وردەکاری کوژرانی براكەی بۆ رووداو باسدەکات

23-11-2016
گۆڤەند مستەفا
دیار گۆران، برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هۆت لاین لە تەلەڤزیۆنی رووداو
دیار گۆران، برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هۆت لاین لە تەلەڤزیۆنی رووداو
نیشانەکردن وشیار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو - هەولێر

برایەكی مامۆستا وشیار ئیسماعیل باس لە وردەکاری چۆنێتی کوژرانی براکەی دەکات و ئاماژە بەوەش دەكات، کە ئەوان گومانیان لەسەر هیچ کەسێک نییە و رەتیشیدەکاتەوە براکەی هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووبێت یان لەسەر هیچ شتێک هەڕەشەی لێکرابێت.

دیار گۆران، برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هۆت لاین لە تەلەڤزیۆنی رووداو باسی كوژرانی براكەی كرد، كە مامۆستایەكی دیار و كادیرێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو.

دیار گۆران دەڵێت "شەوی رابردوو کاژێر 10:30 خولەک، کەسێک لە دەرگای ماڵی دکتۆر وشیار دەدات، دکتۆریش بەو پێیەی خاوەنی چوار کچە و کوڕێکی تەمەن سێ ساڵ و نیوی هەیە، کاتەکەش درەنگی شەو بووە، خۆی چووە دەرگای کردووەتەوە".

براكەی دەشڵێت "کاتێک دکتۆر دەرگای کردووەتەوە ئەو کەسەی لەدەرگای داوە بەر لەوەی دکتۆر وشیار بێتە دەرەوە دەستی بردووەتە ژوورەوە و بە دەمانچە سێ گولـلەی پێوەناوە، گولـلەیەک بەر سەری کەوتبوو لە پشتەوەی سەری دەرچووبوو، گولـلەیەکیش بەر سینگی کەوتووبوو، ئەویش لە پشتیەوە دەرچووبوو".

 

براكەی مامۆستا وشیار دەشڵێت "بە بەرکەوتنی ئەو دوو گولـلەیە بەر سەر و سینگی، دکتۆر وشیار زامدار ببوو، باری تەندروستی زۆر ناجێگیر بوو، دواتر بردمانە نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر، لەوێ نیو کاژێرێک مایەوە و دواتر شەهیدبوو".

لەبارەی دەركەوتنی تەقەكارەكە لە كامێرای چاودێری، دیار گۆران گوتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە، لەڕێگەی ئەو کامێرا چاودێریانەی کە لە چواردەوری مزگەوتەکە هەن، باس لەوە دەکرێت تەنیا کەسێک بووە، ئەو کەسە کاتێک لە زەنگی ماڵی دکتۆر وشیاری داوە هیچی لەسەر نەبووە، بەڵام کاتێک دکتۆر هاتووەتە دەرەوە تۆزێک رووخساری خۆی بە جلەکانی شاردووەتەوە، دواتر تەقەی کردووە و رایکردووە".

دیار گۆران برای مامۆستا وشیار ئیسماعیل دەشڵێت "ئێمە لایەنی ئەمنی بە بەرپرسیار دەزانین بۆ دۆزینەوەی ئەم بکوژە، کە دکتۆر هۆشیاری لە شاری هەولێر تیرۆر کردووە، چونکە پایتەختە و هەموومان ئەوەی کە ئێستا شانازی پێوە دەکەین تەنیا دۆخە ئەمنییەکە ماوە، ئەوەی دیکە هەمووی قەیرانە، دۆخە ئەمنییەکەش بەو جۆرە بێت کە من لەخۆم دڵنیا نەبم کەسێک بێت و دوو گولـلە بەسەرمەوە بنێت، کەواتە دۆخە ئەمنییەکەش نەماوە، ئەوکاتە هەموو دەسەڵاتی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە".

براكەی دكتۆر وشیار ئیسماعیل، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر ئەوە پیشاندا کە هەندێک لە کەناڵەکان باسیان لەوە كردووە، دكتۆر وشیار كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە، "بەبێ ئەوەی بێن و لێدوانی ئێمە وەربگرن، سوپاسی رووداو دەکەین کە لێدوانی ئێمەیان وەرگرتووە، لە سەر چۆنێتی رووداوەکە، بەڵام کەناڵ هەبووە باسی لەوە کردووە کە ئەمە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە".

دیار گۆران دەشڵێت "ئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە، ئەوەی دکتۆر وشیار دەناسێت ماوەی 13 ساڵە لە شاری هەولێرە و گوتاربێژ بووە، بەردەوام نێوەندگیری لە نێوان خەڵکدا کردووە، هیچ کێشەکی کۆمەڵایەتی نە لە عەشیرەتی ئێمەدا هەبووە، نە لە بنەماڵەی ئێمەدا هەیە، نە دکتۆر وشیاریش هەیبووە، ئەگەر دکتۆر وشیار کێشەی کۆمەڵایەتی هەبووایە، بە درەنگانی شەو بە تەنیا دەرگای نەدەكردەوە".

براكەی دكتۆر وشیار ئیسماعیل لەبارەی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بەڕێز بارزانی بەیاننامەی بڵاوکردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە ئەم رووداوە دژی بەتایبەتی خودی خۆی کراوە، بۆیە ئێمە گومانمان لەسەر کەس نییە، بەڵام لایەنی ئەمنی بە بەرپرسیار دەزانین، چاوەڕێی دەرئەنجامەکانین، چونکە ئەگەر ئەمە چەند دژی بنەماڵەکەی ئێمە کرابێت یاخود یەکگرتوو، ئەمە دژی پارتی کراوە، بۆیە دەبێت پارتی لە هەموو لایەنەکان زیاتر بێتە سەر خەت و بکوژانی بدۆزێتەوە".

سەبارەت بە دەنگۆیانەی دەگوترێت دکتۆر وشیار دژی کردنەوەی حوسەینیە بووە لە شاری هەولێر، دیار گۆران ئاماژە بەوە دەكات "دکتۆر ناتوانێت دژی کردنەوەی حوسەینییە بێت لە هەولێر، ئێمە لە شاری سلێمانی دەبینین حوسەینییە کراوەتەوە، بەڵام لە ئێستا لە زۆنی زەرد، دەسەڵاتی زۆنی زەرد دژی تەشیوعە نەک دکتۆر وشیار، بۆیە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە دكتۆر وشیارەوە نییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە