رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، کەسێکیان بە تۆمەتی جادووکردن دەستگیرکردووە کە "چەندین ئافرەتی فریوداوە و دەستدرێژیی کردوونەتە سەر."
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانمانەوە تۆمەتبار (ر. ح. م.) بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیحر و جادووکردن دەستگیر کرا."
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە "چەندین ئافرەتی فریوداوە، دەستدرێژیی کردووەتە سەریان و بۆ مەرامی خۆی به كاریهێناون و سوودی مادیی لێوەردەگرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەبڕیاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵی تۆمەتبارەکە کراوە، "لەماڵەکەیدا دەستمان بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئەندامی لاشەی ئاژەڵی کێوی دا گرت کە بۆ سیحر و جادووکردن بەکاریهێناون."
ئاسایشی هەولێر داوا لە ئافرەتان دەکات "خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە کەسانە و پەنایان بۆ نەبەن و باوەڕیان پێ نەکەن، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە مایەی کێشە و هەڕەشە بۆسەر خۆیان و خانەوادەکەشیان."
هاوکات، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، هەرکەسێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە هەیە، دەتوانێت بە رێگەی دادگە سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ