رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێت، ئەم ساڵی هەتاوی، زیاتر لە هەزار بیری بێ مۆڵەتیان پڕکردووەتەوە، دەشڵێت، هێشتا چوار هەزار و 800 بیری دیکە ماون کە سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
شەوی شەممە، 22-11-2025، تەهماسب نەجەفی، جێگری پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، لە 21ـی ئاداری ئەم ساڵەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، هەزار و 93 بیری بێ مۆڵەت لە سنووری پارێزگاکە پڕکراونەتەوە.
بەگوتەی تەهماسب نەجەفی، پڕکردنەوەی ئەو بیرانە، رێگری لە بەفیڕۆدانی لانیکەم 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ژێرزەوی دەکات.
جێگری پارێزگاری کرماشان باسی لەوە کرد، هێشتا لە سنووری پارێزگاکە چوار هەزار و 800 بیری بێ مۆڵەتی دیکە ماون، کە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دەخەنە مەترسییەوە و پێویستە پڕ بکرێنەوە.
تەهماسب نەجەفی ئاماژەی بە لێکەوتەکانی لێدانی بیری بێ مۆڵەت کرد و گوتی، ''ئەوە دزییە لە دارایی نیشتمانی کە زیانی زۆری بە ئاسایشی خۆراک، کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە گەیاندووە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی کەمئاوییە لە پارێزگاکە.''
جێگری پارێزگاری کرماشان ئەوەشی خستەڕوو، جیا لە بیری بێ مۆڵەت، بەردەوامیی وشکەساڵی و کەمیی بارانبارین هۆکاری دیکەن بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و وشکبوونی رووبار و تاڵاوەکان.
لە پارێزگای کرماشان جیا لە بیرە بێ مۆڵەتەکان، 12 هەزار و 266 بیری ئاو مۆڵەتیان هەیە. زۆربەی بیرەکانی ئەو پارێزگایە لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێن و 10 هەزار و 285 بیری مۆڵەتپێدراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ لەو پارێزگایە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ