رووداو دیجیتاڵ
یانەی بورسەسپۆر بەهۆی جنێودان بە لەیلا زانا بە 16 هەزار لیرە و بەهۆی دانیشتنی هاندەرانی لەسەر پلیکانەکاندا بە 211 هەزار لیرە (نزیکەی 5 هەزار دۆلار) سزدای دارایی درا.
لیژنەی پابەندبوونی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، سزای دارایی بەسەر بورسەسپۆردا سەپاند. لیژنەکە بڕی 211 هەزار لیرە (نزیکەی 5 هەزار دۆلار)ی بەهۆی دانیشتنی هاندەران لەسەر پلیکانەی یاریگا و 16 هەزار لیرە (نزیکەی 370 دۆلار)ی بەهۆی جنێودانی بەکۆمەڵ بە لەیلا زانا، وەک سزا بەسەر یانەی بورسەسپۆر دا سەپاند.
لە یارییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا، هەفتەی رابردوو یانەی بورسەسپۆر بووە میوانی یانەی سۆماسپۆری پارێزگای مانیسا.
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا، هاندەرانی بورسەسپۆر بەکۆمەڵ جنێویان بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد دا.
ئەم هەڵوێستەی هاندەرانی بورسەسپۆر کاردانەوەی تووندی نوێنەرانی ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەم پارتی، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) و پارتی سەعادەتی لێکەوتەوە؛ لە بەرامبەردا هەریەک لە پارتەکانی زافەر و ئیی پارتی پاڵپشتیی خۆیان بۆ هاندەرانی بورسەسپۆر دەربڕی کە دروشمی رەگەزپەرستانە و جنێویان دابوو.
بڕیارەکانی لیژنەی پابەندبوون بەمشێوەیەن:
لیژنەی پابەندبوون بڕیاری دا بە سزادانی یانەی (سۆماسپۆر) بە "ئاگادارکردنەوە"، بەهۆی درووشمی ناشیرین و نەشیاوی هاندەرانی لە یاریی بەرامبەر بورسەسپۆر لە رێککەوتی 16-12-2025، چونکە ئەمە یەکەمجار بوو لەم وەرزەدا لەنێو یاریگەی خۆیاندا ئەو کارە بکەن.
یانەی بورسەسپۆر بەهۆی درووشمی ناشیرین و نەشیاوی هاندەرانی لە هەمان یاریی بەرامبەر سۆماسپۆر بە بڕی 16 هەزار لیرەی تورکی سزادرا.
چونکە ئەمە دووەمجار بوو لەم وەرزەدا وەک یانەی میوان ئەو کارە بکەن.
لە هەمان یاریدا، یانەی بورسەسپۆر بەهۆی چۆڵنەکردنی بۆشاییی پلیکانەی یاریگە و دووبارەبوونەوەی ئەم کارە بۆ جاری حەوتەم لەم وەرزەدا، بە بڕی 211 هەزار لیرە سزا درا.
هەروەها بڕیاردرا یانەی بورسەسپۆر بەهۆی ئەو رووداوانەی هاندەرانی لەنێو یاریگەدا دروستیان کردبوو، بە بڕی 55 هەزار لیرە (نزیکەی 1300 دۆلار) سزا بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ