ئەمریکا بۆ رووداو: بەردەوامین لە ئاسانکاریکردن بۆ گفتوگۆی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامە لە "پشتیوانیکردن و ئاسانکاریکردن" بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا. هەروەها داوا لە هەردوولایان دەکات دان بەخۆیاندا بگرن.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و ئاسانکاریکردنی گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆبوونەوانە بە شێوەیەکی سەرەکی تیشک دەخەنە سەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بەو رێککەوتنەی کە لە 10ی ئاداری ئەمساڵدا لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریادا بۆ یەکگرتنەوە واژۆ کراوە.
 
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، پێکدادانی چەکداری لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ (ئاسایش) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەی شاری حەلەب روویدا. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی بە رووداو گوت، "ئەمریکا داوای دانبەخۆداگرتن لە هەموو لایەنەکان دەکات."
 
دوابەدوای پێکدادانەکان و لە درەنگانی شەوی دووشەممەدا، هەریەک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە دیمەشق و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە لە راگەیێندراوی جیادا بڕیاری راگرتنی شەڕ و پابەندبوونیان بە ئاگربەستەوە راگەیاند.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە