رووداو دیجیتاڵ / وێنە: سەمیر شنگالی
رووفاتی 41 کەس لە کوردانی ئێزدی لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری شنگال بە خاک دەسپێردرێن کە سەرجەمیان خەڵکی سنوورەکەن و بە دەستی داعش لە ساڵی 2014 کۆمەڵکوژ کرابوون.
سەرەتا رووفاتەکان برانە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی کوردانی ئێزدی، دوای تەواوکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکانیش، لە چوار گۆڕستانی ناوچەکە بە خاک دەسپێردرێن. رۆژانی 24 و 25 و 26ـی ئەم مانگە پرسەیان بۆ دادەنرێت.
کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی شنگال و کەسایەتییە ئایینییەکان لە مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی ئێزدیان لە شنگال لە رێوڕەسمەکە ئامادەن و رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
16 رووفات خەڵکی گوندی حەردانن، سەرەتا ئەوانە بە کەسوکاریان دەدرێنەوە، دواتر 20 رووفاتی خەڵکی گوندی کۆچۆ، 2 رووفات خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆر و 3 رووفاتیش بە خەڵکی گوندی قنێ دەدرێنەوە.
رووفاتەکان لەنێو تابووتێکدا هەر یەکەی لە پێشەوەوە وێنەی قوربانییەکە و ناوی نووسراوە، بە ئاڵای عێراقیش داپۆشراون.
ئەوە شەشەمین کاروانی رووفاتی کوردانی ئێزدییە دەگەڕێندرێنەوە و کۆی گشتییان 188 روفاتن، لە دادپزیشکی بەغداوە دوای رێکاری پشکنین رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ 92 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە 55یان هەڵدراونەتەوە و 242 رووفاتیان تێدا بووە.