کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی پڕ لە نەهەماتییدا شەو و رۆژەکانیان بەڕێ دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەو رۆژئاوای کوردستان و پێشڕەویی سوپای عەرەبیی سووریا، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەبوون. کۆبانێ لە هەموو شتێک دابڕاوە و دۆخی هاونیشتمانییان زۆر خراپە.
 
رەقبوونەوەی منداڵان
 
کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان گەمارۆیەکی خنکێنەری لەسەرە؛ ئاو، نان، کارەبا و ئینتەرنێت نەماوە. سەرما تەنگی بە هاونیشتمانییان هەڵچنیوە و زستان زام و برینەکانی قووڵتر کردووەتەوە.
 
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت، بەهۆی گەمارۆ و سەرماوە "چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا."
 
لە کۆبانێ لەگەڵ گەمارۆدان و نەبوونی سووتەمەنی و دەرمان، بەفرێکی زۆر باریوە و ئەوەش دۆخی هاونیشتمانییانی سەختتر کردووە.
 
مانگی سووری کورد لە رێگەی تیمەکانیانەوە لە شاری کۆبانی زانیارییان لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو چوار منداڵە وەرگرتووە.
 
مزگەوت و هۆڵە ساردەکانی قوتابخانە
 
مزگەوت و قوتابخانەکانی شارەکە پڕن لە خەڵک؛ گریانی منداڵانی برسی، ناڵەی نەخۆش، ئازاری ئاوارەیی و دەربەدەربوون، بەسن بۆ ئەوەی وەسفی ئەم کارەساتە بکرێ.
 
دیمەنەکانی نێو یەکێک لە مزگەوتەکانی قامشلۆ، وەک فیلمێکی سینەمایی ئەو ئازارە نیشان دەدەن؛ خێزانەکان لە نێوەڕاستی مزگەوتەکەدا لەسەر راخەر و بەتانییەکان دادەنیشن و دەخەون. ژنان خەریکی شوشتنی قاپ و کەوچکن و منداڵانیش لە سەرمایەکی توونددا بە دەوری سفرەیەکی بچووک کۆبوونەتەوە.
 
محەممەد ئەبو مەحموود، باوکی 11 منداڵە و یەکێکە لە ئاوارەکان، دەڵێت: "ئەمە چوارەم جارە ئاوارە دەبین. نازانین چۆن دەگەڕێینەوە و دەترسین لەوەی هەموو شتێک لەدەستبدەین. ئەوان ئێمەیان لە عەفرینەوە بۆ شەهبا [حەلەب و دەوروبەری] دەرکرد، دواتر بۆ رەققە، ئێستاش لەم سەرمایە سەختەدا هێناویانین بۆ قامشلۆ. دۆخەکە زۆر دژوارە و لە هەموو شتێکمان کەمە."
 
ئەبو مەحموود باس لە ئازادی کوردبوون دەکات و دەڵێ: "دەترسین نەتوانین بگەڕێینەوە ماڵەوە. هەموو جیهان هێرشمان دەکاتە سەر. دەڵێن، ئەمانە کوردن. ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر کەس. کورد زیانی بە کەس نەگەیاندووە. چەندین ساڵە لەگەڵ عەرەب دەژین و ئازارمان نەداون."
 
ئاوارەکانی نێو قوتابخانەکانی قامشلۆش رووبەڕووی هەمان دۆخ بوونەتەوە. ژنان خەریکی خاوێنکردنەوەی پۆلەکانن بۆ ئەوەی شیاوی خەوتن بن. بەهۆی بڕانی ئاو و کارەبا و نەبوونی سووتەمەنی، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک ئاوی گەرم بۆ شیری منداڵان بووەتە کارێکی ئەستەم. 
 
ئوم مەحموود، ژنی ماڵەوەیە و پێنجەم جارە ئاوارە دەبێت، بە ناخێکی پڕ لە ئازارەوە دەڵێ: "یان با بە گوللـەتۆپێک هەموومان بمرین و رزگارمان بێت، یان بە شکۆوە بژین، چونکە زۆر ماندوو بووین."
 
ئەسمەهان ئیسماعیل، هاونیشتمانییەکە و دەڵێ: "وەڵڵاهی هێندە دەترسین، لە ترس بێزاربووین."
 
ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون لە کاتێکدایە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەهۆی پێشڕەوییەکانی دیمەشق و پاشەکشەی هەسەدە بەرەو حەسەکە و قامشلۆ، لە نادڵنیاییەکی تەواودایە. ئاوارەکان تەنیا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوی و زار و گوندەکانیان، لە کاتێکدا ترس لە "لەدەستدانی هەموو شتێک" بەرۆکی گرتوون.
 
ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارە زۆرەکان
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، زیاتر لە 134 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) ئاوارە بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)ـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژانی 18 بۆ 21ـی مانگ، ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگەی حەسەکە بۆ نزیکەی 134,803 کەس بەرزبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی 11-01-2026 تەنیا5 هەزار و 725   ئاوارە تۆمار کرابوون.
 
ئاژانسەکە دەڵێ، ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس لە ناوەندە بەکۆمەڵەکانی حەسەکە نیشتەجێن و "پێویستیی یەکجار بەپەلەیان بە خۆراک" و پێداویستیی دیکەی وەک پێخەف و بەتانی هەیە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: رێگەی کۆبانێ داخراوە
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا رایگەیاند، سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنە کۆبانێ، داخراون و هاوبەشەکانیان نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی مرۆیی شارەکە دەربڕیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە پەیوەندیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ گەیاندنی هاوکاری.
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، سەبارەت بە دۆخی کۆبانێ گوتی: "نووسینگەی هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA) پێی راگەیاندووین، هاوبەشەکانمان لەوێ نیگەرانن لە مەترسیی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی ناوچەکە."
 
بە گوتەی فەرحان حەق، ئێستا سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنە کۆبانێ داخراون و "پچڕانی کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت بووەتە رێگر لەبەردەم دەستگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان."
 
سەبارەت بە دۆخی خۆراک و دەرمان لە شارەکەدا، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، راپۆرتیان بەدەستگەیشتووە لەسەر کەمبوونەوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان، هەرچەندە بنکە تەندروستییەکان کاردەکەن، بەڵام "کەمیی دەرمان هەیە".
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی هۆکاری گەمارۆدانی کۆبانێ کرد و لە فەرحان حەقی پرسی: "ئایا پەیوەندیتان بە بەرپرسانی حکومەتی سووریاوە کردووە بپرسن بۆچی ئەم گەمارۆیەیان خستووەتە سەر کۆبانێ کە شارێکی زۆرینە کوردنشینە؟ ئایا ئەمە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی یەکدەگرێتەوە؟"
 
لە وەڵامدا فەرحان حەق گوتی: "ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتداران لە پەیوەندیداین. دەمانەوێ هەڵسەنگاندنی زیاتر بکەین و دڵنیابینەوە لەوەی رێگە بە گەیشتن بە کۆبانێ دەدرێ و دەستمان بگاتە هەموو ئەوانەی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە."
 
 
لە رەنجەوە بۆ رۆژئاڤا
 
تۆڕی میدیایی رووداو هەر زوو ژان و ناسۆرییەکانی رۆژئاوای بە هەموو جیهان گەیاند، بەوەش نەوەستا، رەنج سەنگاوی کەمپەینێکی سێ رۆژەی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری دەستپێکرد.
 
لە یەکەم رۆژی کەمپەینەکەدا  67 ملیۆن و 605 هەزار دیناری عێراقی؛ 11 هەزار و 950 دۆلاری ئەمریکی؛ 300 یۆرۆ و 100 پاوەندی بەریتانی بە کاش کۆکرایەوە، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە هەژماری بانکی نێردرابوو. جگە لەمانە، بایی زیاتر لە 500 ملیۆن دیناری عێراقیش کەلوپەل و هاوکاری دیکە گەیێندرایە کەمپەینەکە.
 
کەمپەینەکە لەنێو گۆڕەپانی مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لە شەوی دووەمدا ئاڕتی بانک 100 ملیۆن دینار؛ بانکی کوردستان 100 ملیۆن دیناریان بەخشی، ئەمە جگە لە بەخشینی گەورە و منداڵی بە لێشاوی هاونیشتمانییان کە لە 250 دینارەوە تاوەکو ملیۆنان دینار بوو. کۆمپانیای دەرمانی پایۆنیەر 4 کۆنتێنەر دەرمانی جیاواز و کۆمپانیای پێشداد، 10 تۆن برنج، 10 تۆن ئارد، 2400 قوتوو گۆشت، 1200 قوتوو شیر، 1 تۆن نیسک، 1 تۆن نۆک، 1 تۆن فاسۆلیا، 1000 دەبە رۆن، 100 کارتۆن ماکەرۆنی و 1400 قوتوو ئاوەتەماتەیان تەرخان کرد.
 
مورشید خەزنەوی رایگەیاند: "لە رۆژئاوا 800 مزگەوت و دەیان قوتابخانەی شەرعی و کۆلێژی شەریعە هەن. ئێمە هەمیشە لەسەر دینی محەممەدین."
 
ئەو کەسایەتییە ئایینییە ئاماژەی بەوە کرد، "گەلی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان لە زەحمەتییەکی گەورەدایە، ئەمڕۆ هەزاران منداڵی کورد بێ شیرن، گەنج و ژن و پیرەکانمان لە سەرمادا دەلەرزن، دڵی من زۆر تەنگە بۆ گەلەکەمان لەوێ، بەڵام ئەوەی کە میلەتی ئێمە سەلماندیان، هیوا دەدەنە من."
 
ریزی بارهەڵگرەکانی دەزگەی بارزانی
 
باشووری کوردستان هاوشێوەی پارچەکانی دیکە هاوخەم و هاوسۆزی رۆژئاڤا بوون. دەزگەی خێراخوازیی بارزانی، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی زیاتر لە 80 بارهەڵگری رەوانەی قامشلۆ کرد.
 
ئەیوب محەممەد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، توانیویانە 67 بارهەڵگری گەورەی هاوکاری بگەیێننە ناوچەکە و 12 بۆ 15 بارهەڵگری دیکەش لە رێگەن. ئەو هاوکارییانە پێکهاتوون لە سەبەتەی خۆراک کە بۆ 10 رۆژی خێزانێکی 7 کەسی بەش دەکات، ئەمە جگە لە بەتانی، دۆشەک، جلوبەرگ و پێداویستیی پاککەرەوە.
 
ئەم کاروانە تەنیا هاوکاریی خۆراکی لەگەڵ نەبوو، بەڵکو دەزگەی خێرخوازیی بارزانی کاروانێکی 10 ئەمبووڵانسی رەوانە کردووە کە تیمە پزیشکییەکانی تێدایە. ئەم تیمە پزیشکییانە لە حەوشەی ئەو قوتابخانانەی ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کراون، پشکنین بۆ خەڵک دەکەن و دەرمانی پێویستیان بۆ دابین دەکەن. جەمال عەکاش، ئاوارەیەکی تەمەن 66 ساڵ کە لە لایەن پزیشکەکانەوە پشکنینی بۆ کراوە، گوتی: "ئەگەر ئەم ئەمبووڵانسانە نەبووایە نەماندەزانی چی بکەین."
 
هاوکات دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی ناردنی سووتەمەنیی بۆ رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە دا، بەرپرسێکی دەزگاکە دەڵێت، "دابەشکردن دەستیپێکردووە و ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، نەوتیان پێدەدرێت."
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی نەوتدا، لە قامشلۆ دابەشکردنمان بەسەر ئاوارەکاندا دەستپێکرد."
 
کاروانی یەکەم 100 هەزار لیتر نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە گەیێندراوەتە قامشلۆ. رەواج حاجی، کە خۆی لە رۆژئاوای کوردستانە، دەڵێت، "شەوی رابردوو هەموو تانکی نەوتی قوتابخانەکانمان پڕ کرد و ئاوارەکان کە لەو قوتابخانانەدا دەمێننەوە، خۆیان لەوێ وەری دەگرن."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، "ئەمڕۆ سێ تیممان نەوت دابەش دەکەن؛ یەکێک لە قامشلۆ، ئەوانی دیک دێرک و عاموودا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە