مانگی سووری کورد: منداڵێکی دیکە لە کۆبانی بەهۆی سەرما و گەمارۆوە گیانی لەدەستدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆدان و سەرماوە، منداڵێکی دیکەی دانیشتووی کۆبانی گیانی لەدەستدا و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شارەکەی رۆژئاوای کوردستان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا بووە 5 کەس. هاوسەرۆکی مانگی سوور دەڵێ، تەمەنییان دوو مانگ بۆ چوار ساڵن. 
 
ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026، مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی گەمارۆی سەر کۆبانی، تاوەکو ئێستا پێنج منداڵ کە منداڵی شیرەخۆرەشیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە".
 
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "منداڵەکان بەشێکیان دوێنێ گیانیان لەدەستداوە؛ تەمەنیان دوو مانگ، سێ مانگ، دوو ساڵ و چوار ساڵن".
 
مانگی سووری کورد رایگەیاندووە: "بەهۆی دابەزینی زۆری پلەی گەرما، نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە و کەمیی پێداویستییە پزیشکییە بنەڕەتییەکانەوە منداڵەکان گیانیان لەدەستداوە".
 
چەند رۆژێکە شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی گەمارۆدراوە و رێگەکانی شارەکە بە دەرەوە بە تەواوی داخراون و کارەبا، ئاو و دەرمانی لێبڕاوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەردەوامیی گەمارۆ مەترسییەکی گەورە و راستەوخۆ لەسەر ژیانی منداڵان، نەخۆشان و بەساڵاچووان دروست دەکات. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ شکاندنی گەمارۆکە و دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییە فریاگوزارییەکان".
 
هاوسەرۆکی مانگی سوور بە رووداوی گوت: "هاوکاریمان ئامادەیە و بەس رێگەیەکی ئارام هەبێ دەستبەجێ هاوکاری دەگەیێنینە کۆبانی".
 
هەر ئەمڕۆ موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە رووداوی گوت: "لە هەموو لایەکەوە لەسەر هێڵین بۆ کردنەوەی رێگەیەک بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری خێرا بە شاری کۆبانی".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمی تەندروستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامیشلۆ

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کۆبانێ نزیکن لەوەی بگەنە ئەنجام

10 رۆژە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نەدراوە هیچ رێکخراوێکی مرۆیی هاوکاریی بگەیێنێتە شارەکە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێ، هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی هاوکاری بەو شارەی رۆژئاوای کوردستان چڕ کردوونەتەوە.