دوایین زانیاری لەبارەی گرژیی نێوان مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی و شۆفێرانی بارهەڵگر
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی رێگەی عەربەت - سلێمانی یان بەڕووی تانکەر و بارهەڵگراندا داخستووە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، "ئەمشەو هەندێ تانکەر هەوڵی تێپەڕاندنیان داوە، گرژی دروست بووە لەنێوان مامۆستایان و شۆفێرەکاندا."
شەوی دووشەممە، پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی: "هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکان هێناون و بەشێک لەوانەی بوونەتە هۆی گرژییەکان دەستگیرکراون."
پەیامنێری رووداو باسی لەوەشکرد، کە ئێستا خێوەتی مامۆستایان لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە هەڵگیراوە و کۆتایی بە خۆپێشاندانەکاندا هاتووە.
گرژییەکان چۆن دروست بوون؟
بەهۆی خۆپێشاندانی مامۆستایانەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر رێگەی عەربەت - سلێمانی دروست ببوو، شۆفێرانی بارهەڵگر و تانکەر نەیاندەتوانی خۆپێشاندانەکە تێبپەڕێنن، ئەمشەو لەگەڵ "چەند مامۆستایەکی ناڕازی" بووەتە دەمەقاڵێ و دەنگە دەنگیان، شۆفێرەکان بەنێو خۆپێشاندانەکەدا دەڕۆن.
بەڤیدیۆ: تانکەر بەبێ بەرد لێی دەرناچێ.. خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی گرژی تێکەوت pic.twitter.com/xm5HwIgvzE
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 24, 2025
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە بۆ رووداو نێردراوە چەند کەسێک بەرد لەو تانکەرانە دەگرن کە تێدەپەڕن و ئەو هاونیشتمانییەی ڤیدیۆکەی ناردووە و دەڵێت: "ئەوانە مامۆستای ناڕازین و وەکو کاردانەوەیەک بۆ رۆیشتنی تانکەرەکە و شکاندنی سنووری خۆپێشاندانەکە، ئەو کارە دەکەن."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو گوتی، هێزە ئەمنییەکان رێگە بە کەناڵەکانی راگەیاندن نادەن لە شوێنی رووداوەکە زانیارییەکان بگوازنەوە، هەواڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەدەن.