وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر کراوە و تەنیا چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەرکەکان دەکرێت، ئەمە قسەی وەزارەتی دارایی عێراقە.
 
لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، بەرپرسانی وەزارەتەکەش دەڵێن، گەر تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو 120 ملیارەکەش رادەست بکەن، کۆتایی هەمان هەفتە مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن.
 
جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، "ئەو 120 ملیار دینارەش هەر داهاتە، ئەو داهاتە دەگاتە حکومەت و حکومەتیش مووچەی پێ دەدات، هەموو جار باس لەوە دەکرێت ئامادەیە و چاوەڕێی نووسراون؛ پێویست بەوە ناکات، هەژماریان هەیە و دەتوانن یەکسەر داهاتەکە بخەنە سەری، گومانمان لەوەدا نییە بەغدا ئەو 120 ملیار دینارە ناخوات، چونکە هیچ جارێک بەغدا ئەوەی نەخواردووە، بەڵکو زۆر جاران ئێمە پابەند نەبووینە و ئەوانیش بۆیان ناردووین."
 
پەرلەمانتارانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدەن لەوەی ئەم ساڵ هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی عێراق، لەگەڵیدا هەرێمی کوردستانیش، دروست نابێت؛ دەشڵێن، ئەگەر یاسای بودجەش نەبێت، هەر سێ مانگ جارێک رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا درێژ دەکرێتەوە.
 
عەلی سەرای، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، "نا، نەخێر هیچ مەترسییەک لەسەر مووچە نییە، سەرۆکوەزیران بە هەموو توانایەوە کار بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەکات، هەر قسەیەکی دیکە پێمان وایە پڕوپاگەندەی راگەیاندنەکانە، پشتیوان بە خودا خەرجکردنی مووچە مانگانە بەردەوام دەبێت."
 
وەزیری دارایی عێراق بە وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردی لە بەغدا گوتووە، پابەندییەکان بە لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونە و ناردنی داهاتی ناوخۆ مانگانە گەرەنتیی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەکات.