گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو تەرمی پڕۆفیسۆر د. کەمال مەزهەر لە ئەڵمانیاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن وەزیری رۆشنبیری و پارێزگاری هەولێر پێشوازیی لێ کرا. ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ سازکرا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی "د. کەمال مەزهەر زۆر لێکۆڵینەوەی گرنگ و بەهاداری لەسەر مێژووی گەلی کورد و ناوچەکە نووسیوە، زانایەک بوو لە بواری مێژووی کوردستان و ناوچەکەدا، زەحمەتێکی زۆری کێشا و شەونخونییەکی زۆری کرد بۆئەوەی راستییەکانی مێژووی کورد و کوردستان و ناوچەکە لە هەزاران بەڵگەنامەدا دەربهێنێت و رووداوەکان پێکەوە گرێبدات و مێژووی کوردستان رۆشن بکاتەوە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد "د. کەمال مەزهەر خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوە و کتێبە لەسەر مێژووی کوردستان، سەرپەرشتی سەدان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە بواری مێژوودا کردووە و لە زانکۆکانی عێراق وانەی داوەتە هەزاران قوتابی."
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی شوێنی لەدایکبوونیەوە ئەوەی خستەڕوو "د. کەمال مەزهەر لەدایکبووی کەرکووک بوو، کەرکووکی بوونیش ئاسان نییە، چونکە بەداخەوە کەرکووکی بوون بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو واتە ژیانێکی سەخت".
 
شەوی رابردوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری پێشوازییان لە تەرمی د. کەمال مەزهەر کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر تەرمەکەی دانا. دوای رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆش بڕیارە تەرمی د. کەمال مەزهەر ببرێتە سلێمانی و لەوێ بە خاک بسپێردرێت. 
 
د. کەمال مەزهەر، نووسەر و مێژوونووسی کورد رۆژی سێشەممە 16-03-2021 لە تەمەنی 84 ساڵی لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد. لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبووە، قۆناخەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە.
 
ساڵی 1959 بەشی مێژووی لە کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغداد تەواو کردووە. هەمان ساڵ بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا نێردراوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.
 
ساڵی 1963 دکتۆرای لە مێژوودا وەرگرتووە. لە ساڵی 1981 بووەتە مامۆستای مێژوو، لە زانکۆکانی عێراق وانەی مێژووی گوتووەتەوە.
 
د. کەمال مەزهەر ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەنستیتیوتی کوردی بووە لە پاریس، هەروەها ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد بووە. چەندین کتێبی لەسەر مێژووی کورد و جیهان چاپکردوون.