ئاسرەوانێکی زەردەشتی: ئێمە لوقمان بە پیر نازانین و وەزارەتی ئەوقافیش دانی پێدا نانێت

24-03-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن زەردەشتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسرەوانێکی زەردەشتییەکانی هەرێی کوردستان رایدەگەیێنێت کە ئەوان ئەنجوومەنی ئاسرەوانی زەردەشتییەکانیان هەیە و هیچکامیان پیر لوقمان بە پیر نازانن و لە وەزارەتی ئەوقافیش دانی پێدا نەنراوە و فەرمی نییە.
 
لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە رادیۆی رووداو کە شادی عەبدوڵڵا پێشکەشی کرد باس لە پێکەوەژیان لە ئایینی زەردەشتیدا کرا و دوو ئاسرەوانی ئەو ئایینە تێیدا بەشدار بوون.
 
ئاسرەوان قادرۆ، بەرپرسی ئاتەشگەی سلێمانیی زەردەشتییەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە راستیدا ئایینی زەردەشتی دژی توندوتیژییە. ئەمەی ئەم کاک لوقمانە دەیکات بە راستی لەگەڵ کەسانی زەردەشتیدا ناگونجێت لە کاتێکدا ئەو خۆی ناوناوە پیر. ئێمە ئەنجوومەنی ئاسرەوانی کوردستانمان هەیە و بە فەرمی لە وەزارەتی ئەوقاف ناسراون و دانیان پێدا نراوە، بەڵام نە وەزارەتی ئەوقاف وەکو پیر دان بە لوقماندا دەنێت نە خەڵکی دیکەیش. کۆمەڵە کەسانێک لە دەوری کۆبوونەتەوە و بە زۆر دەیانەوێت بیکەنە پیر. ئێمە هیچمان بە پیری نازانین، چونکە پیر پلە و شکۆیەکی بەرزی هەیە و ناکرێت ئاوا بۆ ئاژاوە بەکاری بهێنین."
 
هاوکات ئاسرەوان ئاهوورا، بەرپرسی ئاتەشگەی زەردەشتییەکانیش رایگەیاند: "ئێمە ئەوە دەزانین کە هەرێمی کوردستان دەوروبەرێکی زۆر خراپی هەیە و من وەک خۆم وای دەبینم کە بابەتەکە زیاتر گەلی کوردە و زیاتر سیاسی و کەسییە. ئەو کەسە پلەی فەرمیی نییە. داوا لە مامۆستایانیی ئایینی [ئیسلام] دەکەین ئەو کەسە لەسەر زەردەشتییەکان ئەژمار نەکەن. ئەو هاتووە بە تایبەت دەیەوێت لە کەسێک بدات کە کوردە. بۆچی؟ لەبەر ئەو شەڕەیە کە لەنێوان هیلالی شیعە و هیلالی سوننەدا لەسەر سەڵاحەددین هەبوو و وەک عەرەب دەناسێنرا. بۆچی دەبێت سووکایەتیی پێ بکرێت لە کاتێکدا لە ئەوروپا کەسانی شارەزا سەڵاحەددینی ئەییووبی وەک سەرکردەیەکی گەورە دەبینن؟ ئێمە وەکو زەردەشتی هەرکەسێک هزری چاک، کرداری چاک و گوفتاری چاکی هەبێت پێمان وایە زەردەشتییە."
 
ئاسرەوان ئاهوورا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان کار لەسەر چاککردنی ویژدانی مرۆڤەکان دەکەن و گوتی: "هەرکەسێک بیەوێت زەردەشتی بێت یان لە زەردەشتییەوە نزیک بێت، دەبێت هزری باش، کرداری باش و گوفتاری باشی هەبێت. بەدەر لەوە ئەو کەسە نابێتە کەسێکی زەردەشتی. بەڵام لە زەردەشتیدا پەروەردەکردن هەیە و دەبێت ئەو کەسە دووبارە پەروەردە بکرێتەوە. ئێمە دەمانەوێت پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و جوانژیان و پاکژیان بە خەڵک بدەین."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە کە تێیدا کەسێک کە خۆی بە پیری زەردەشتییەکان دەناسێنێت، سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام و سەڵاحەددینی ئەییووبی، سەرکردەی کوردی دەوڵەتی ئەییووبی دەکات و دەڵێت "بەیانیان سێ تفی تێدەکەین."
 
ئاسرەوان ئاهوورا دەڵێت: "ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵای زەردەشتییەکان راگەیێندراومان لەسەر قسەکانی ئەو کەسە بڵاوکردەوە. سووکایەتیکردن لەگەڵ هزری چاک، کرداری چاک و گوفتاری چاکدا یەکانگیر نییە. هەروەها بابەتی مێژوویی کاری ئەکادیمیستەکانە. لای ئێمە ئەوە قبووڵ نییە کە هەرکەسێک بێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا شەڕ بە هەر ئایین و نەتەوەیەکی دیکە بفرۆشێت کە لە پێناو شتێکی کەسی یان سیاسیدا بێت بۆ ئەوەی شتێکی دەست بکەوێت. وەکو زەردەشتی قبووڵی ناکەین هیچ کەسێک برا موسڵمانەکانمان عەزێت بدات و نیگەران بکات. ئێمە لێرەوە پێیان دەڵێین ئەو قسانەی کراون پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی زەردەشتیەتن."
 
لای خۆیشیەوە ئاسرەوان قادرۆ دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا بە ئازادی و تەبایی بژیین و پێکەوەژیان هەبێت. هەموو پێغەمبەرەکان بەرز و پیرۆز رادەگرین. هەرگیز لە پەرستگەکەی ئێمەوە سووکایەتی بە هیچ ئایینێک نەکراوە. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی لە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان پیشانی جیهان داوە کە لانەی گەلێک ئایین و نەتەوەی جیاوازە و مێژوویان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە."
 
لە ئایینی زەردەشتیدا چوار رەنگ پیرۆزن کە بریتین لە رەنگەکانی سپی، سوور، سەوز و زەرد. هەندێک کەسیش پێیانوایە کە زەردەشتییەکان ئاگر دەپەرستن، بەڵام ئاسرەوانەکانی ئەو ئایینە بۆچوونیان جودایە.
 
بەرپرسی ئاتەشگەی سلێمانیی زەرەدەشتییەکان گوتی: "هەرگیز زەردەشتییەکان ئاگرپەرست نەبوون، بەڵکو ئەشوو زەردەشت لە چاکسازییەکەیدا هات گوتی 'نابێت ئاو و خاک و ئاگر و هەوا بپەرستن، بەڵکو دەبێت خودای تاک و تەنیا بپەرستن.' بەڵام ئاگر لای زەردەشتییەکان پیرۆزە، هێز و خۆشەویستیی ئاهوورامەزدای تێدا دەبیننەوە. ئێمە ئاگر ناپەرستین، ئاگر قیبلەمانە. هەروەک چۆن موسڵمانان روو دەکەنە بەردە رەشەکەی کەعبە و نایپەرستن و خودا دەپەرستن، ئێمەیش ئاگر ناپەرستین. ئیتر با ئەم لێکدانەوەیە تەواو ببێت."
 
ئەو ئاسرەوانە ئاماژەی بەوە دا کە ئایینی زەردەشتی ئایینێکی یەکتاپەرستییە و ئەوان بە زۆر کەس ناکەنە زەردەشتی و بانگەشەی بۆ ناکەن، ئایینی زەردەشتی بیر لە زۆرینە ناکاتەوە، بیر لە جۆرایەتی دەکاتەوە. هەرچەندە ژمارەیان کەم بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو کەسانەی لە ئایینەکەیاندان زمانیان پاک بێت، ئەندێشەیان پاک بێت و گوتی: "بەڵام بە داوای لێبووردنەوە کە کۆمەڵە کەسانێک لەنێو ئایینی زەردەشتیدا ئەو شکۆیەیان شکاندووە، زمانێکی توندوتیژیان هەیە یان بە ناوی زەردەشتییەوە قسە دەکەن کە ئێمە هەرگیز لەگەڵ ئەو بیروباوەڕانەدا نیین."
 
ساڵی 2015 لە پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە پێنجی بە ناوی "پاراستنی پێکهاتەکان لە کوردستان - عێراق" دەرکرد کە لە نۆ ماددە پێک هاتووە تێیاندا باس لە مافەکانیان کراوە.
 
ئاسرەوان ئاهوورا گوتی: "دەرکردنی یاسای ژمارە 5ـی تایبەت بە پێکهاتەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک ریسکێک وا بوو لە ناوچەکەدا کە هەرێمی کوردستان دەورەی بەو هەموو دوژمنە گیراوە و ئەوان ئەوەیان نییە."
 
لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا 16 ئایین و نەتەوەی جیاواز هەن کە مێژووی هەندێکیان زیاتر لە هەزار ساڵە و کەسانی سەر بەو ئایین و نەتەوانە بە درێژایی ئەو مێژووە پێکەوە ژیاون.
 
ئاسرەوان ئاهوورا ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە وەکو زەردەشتی پێمان وایە پێکەوە ژیان کولتووری ئێمەی کوردە. سەیری تەواوی سەردەمەکان بکە، کورد لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا کێشەی نەبووە، چونکە کورد گەلێکی مرۆڤدۆستە و سەرچاوەی ئەوەیش لە دینی زەردەشتییەوە دەبینین. دەتوانین بڵێین کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووکی پێکەوەژیانە."
 
ئاسرەوان قادرۆیش گوتی: "زەردەشتییەکان خۆیان بە شوێنگرەوەی هیچ ئایینێک نازانن و هەرگیز دەوڵەتی زەردەشتییان ناوێت، چونکە دینەکە رێگەمان پێنادات ئایین تێکەڵی سیاسەت بکەین. بەڵام دەمانەوێت لە پەرلەمان و ئەوقاف و مافی مرۆڤ نوێنەرمان هەبێت بۆ ئەوەی مافمان نەفەوتێت. ئێمە هەرگیز یاساکانمان ناخەینە ناو حوکمڕانییەوە."
 
ئایینی زەردەشتی یان بەھدین لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی زەردەشت پێکھاتووە کە پێغەمبەرێکی کورد بووە و مێژوویەکی دێرینی هەیە کە مێژوونووسان لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ئایینەوە بۆچوونی جیاوازیان هەیە. درووشمی سەرەکیی ئایینەکە بریتییە لە "هزری چاک، کرداری چاک و گوفتاری چاک."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە