سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی بۆردوومانی هێزی پێشمەرگە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران کردە ئامانج و بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید و دەیانی دیکە بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-03-2026 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو بۆردوومانە دەکەین کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری ناوچەی سۆران کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک تێکۆشەر و برینداربوونی چەندانی دیکە."
هاوکات سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەکان کردووە و دەڵێت، "بە شکۆوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە، کە گیانی خۆیان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین."
هەروەها سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیدا و بەشدارییەکی کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوای پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکات کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج، جەختیش دەکەینەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان، بەو شێوەیەی ئاسایشی وڵات و خوێنی رۆڵەکانی بپارێزێت.