هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و داوا لە وڵاتانی هاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کاردانەوەی خێرایان بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان هەبێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 24-3-2026، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە و ئاماژە بە شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکە دەکات، وەک وەزارەتی پێشمەرگە بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند. 
 
هاوپەیمانییەکە هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید و خەڵکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ، سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە نزیکەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشی مووشەکی و درۆنی سوپای پاسداران "بۆسەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندە سەربازی و مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان" لە رۆژی یەکەمی جەنگەکە لە 28ی شوباتەوە بەردەوامە؛ داواش لە وڵاتانی هاوپەیمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە رووبەڕووی هێرشەکانی ئێران بوەستنەوە و هەڵوێست و کاردانەوەی خێرایان لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبێ. 
 
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هاوپەیمانییەکە لە لایەنە پێنج هێزى رۆژهەڵاتی کوردستان لە 22ی شوباتى 2026 دامەزرا. هێزە سیاسییەکان بریتین لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە