رووداو - سلێمانی
لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدارییەکانی سنووری حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئاڵوگۆڕی دوو قەزا رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد و بەمەش پشکی کۆتایی لیستی خزمەت، کە کۆمەڵ یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی، کۆتاییهات.
لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێشتر لەگەڵ لیستی خزمەت وا رێککەوتبووین کە قەزای سەیدسادق بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و قەزای ماوەت بۆ یەکێتی بێت ، بەڵام برادەرانی کۆمەڵ داوایانکرد کە لەبەر هەندێک ناڕەزایی لە سەیدسادق، ئەو پۆستەیان بۆ بگۆڕین، بۆیە لەدوای راوێژ لەگەڵ برادەرانی گۆڕان رازیبووین و دوێنێ رێککەوتنی کۆتاییمان واژۆکرد".
هاوکات رێبوار حەمەد، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (رووداو) گوتی " بەپێی ئەو رێککەوتنە، قایمقامی سەیدسادق درایەوە بە یەکێتی و قایمقامی ماوەتیش بۆ ئێمە، هەوڵدەدەین هەفتەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگ لەسەر کاندیدەکان بدەین".
لە هەڵبژاردنەکانی 30ی نیسانی ساڵی رابردوودا، بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی یەکەمی سەیدسادق و یەکێتیش دەنگی یەکەمی ماوەتی بەدەستهێنا، پێشتر لە بەرامبەر پێدانی پۆستی قایمقامی قەزای سەیدسادق بە لیستی خزمەت، دانیشتووانی ئەو قەزایە ناڕەزاییان دەربڕی و داوایان دەکرد بزووتنەوەی گۆڕان خۆی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێستا پۆستەکە لە خزمەت وەرگیراوەتەوەو دراوە بە یەکێتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ