رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، قۆناخی یەکەمی رێکارە کارگێڕییەکان بۆ بەهەمیشیەییکردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە کەرکووک تەواوکراوە و یەکشەممەی داهاتوو قۆناخی دووەم دەستپێدەکات؛ دەشڵێت، مامۆستایەک پێشتر مووچەکەی 250 هەزار دینار بووبێت، دوای بە هەمیشەییکردنی لانیکەم دەبێتە 650 هەزار دینار.
لە کەرکووک بە چوار زمان خوێندن دەخوێندرێت؛ عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانی.
حکومەتی عێراق بڕیاری بەهەمیشەییکردنی نزیکەی 17 هەزار و 300 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی بۆ خوێندنی کەرکووک دەرکردووە؛ لەو ژمارەیە هەرچەندە بەگوێرەی هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوو کورد زۆرینەی شارەکەیە، بەڵام تەنیا هەزار و 502 گرێبەست بۆ خوێندنی کوردی دەکرێنە هەمیشەیی؛ هەزار و 25 مامۆستا و 477 فەرمانبەر.
بڕیارەکە زیاتر لە مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت. رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگێک کاتمان دانابوو بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کە رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بکەن و ئێستا کارەکانیان تەواو بووە و قۆناخی دووەم دەستپێدەکەین."
قۆناخی دووەم لە رۆژی یەکشەممەوە بە رادەستکردنی دۆسێیەکانی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بە خوێندنی کوردی لە پارێزگاکە دەستپێدەکات؛ پەروین فاتیح دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 100 مامەڵە وەردەگرن؛ هەر کەسێک کە دادەمەزرێت دەبێت کەفیلێکی لەگەڵ بێت کە مووچەکەی سەر بە حکومەتی عیراق بێ؛ گوتیشی: "هەموو دۆسێیەکان وردبینیان تێدا دەکرێت و بۆ ئەوەی قەرباڵخی دروست نەبێ لیژنەی تایبەتمەندمان پێکهێناوە."
ئەو کەسەی بۆ هەمیشەیی دادەمەزرێت، دەبێت بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە پێنج ساڵی سەرەتای لە دەرەوەی شاری کەرکووک دەوام بکات؛ سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، مامۆستا هەیە 10 ساڵە لە دەرەوەی کەرکووک دەوام دەکات و ئەوانە دەگەڕێندرێنەوە و ئەمانە دەخرێنە شوێنیان.
ئەوانەی دادەمەزرێن لە خوێندنی کوردی رەوانەی داقووق، شوان، قەرەهەنجیر، پردێ، سەرگەڕان و هەموو ئەو ناوچانەی دیکەی پارێزگای کەرکووک دەکرێن کە خوێندنی کوردییان تێدایە.
مامۆستایانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان کە لە کەرکووک بە گرێبەست دامەزراون مووچەکەیان 250 هەزار دینارە؛ فەرمانبەرەکانیش 200 هەزار. پەروین فاتیح گوتی: "کە دامەزران مووچەی هەموویان بەرز دەبێتەوە و وەکو تازە دامەزراوێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؛ چەند جۆرێک دەرماڵە دەخرێتەسەر مووچەکانیان؛ مامۆستا لانیکەم مووچەکەی دەبێتە 650 هەزار دینار."
لە کەرکووک 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن، کە سەر بە خوێندنی کوردین؛ 98 هەزار قوتابی و 10 هەزار منداڵ تێیاندا دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ