کۆنسوڵی ئیمارات: لە ئاسایشی خۆراکدا ستراتیژیی کوردستانمان بە ستراتیژیی خۆمانەوە گرێداوە

24-05-2024
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئیمارات بە جیا و بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نیوخۆیی، نزیکەی سێ ملیار دۆلارە لە هەرێمی کوردستان.
قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئیمارات بە جیا و بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نیوخۆیی، نزیکەی سێ ملیار دۆلارە لە هەرێمی کوردستان.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیا ئیماراتییەکان بەشێکن لە بەشداربووانی چواردەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر. ماوەی سێ ساڵە کۆمپانیا ئیماراتییەکان بەردەوام بەشداریی پێشانگەکە دەکەن.
 
شادان بەکر، نوێنەری کۆمپانیای ئەسیرۆ بیڵدین سیستمی ئیماراتی دەڵێت، "سێیەمین ساڵە بەشداری دەکەین، کۆمپانیا ئیماراتییەکان زۆربەی جار لە پێشانگەی بیناسازی و پێشانگەکانی دیکە بەشداری دەکەن، کۆمپانیاکەی ئێمە تایبەتە بە دروستکردنی بینای ستیل."  
 
ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان کردووە.
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 کۆمپانیای ئیماراتی و دەیان کۆمپانیای هاوبەش لەنێوان ئیمارات - کوردستان - عێراق کاردەکەن، بە تایبەت لە بوارەکانی نەوت، گاز، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار. ئیمارات مەبەستیەتی کۆمپانیاکانی لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.
 
قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئیمارات بە جیا و بە هاوبەشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نیوخۆیی، نزیکەی سێ ملیار دۆلارە لە هەرێمی کوردستان.
 
ئیمارات ئامانجی فرەچەشنکردنی داهاتی نیشتمانیی هەرێمی کوردستانی بە ستراتیژییەتی خۆیەوە گرێداوە.
 
ئەحمەد زاهرى، کۆنسوڵى ئیمارات لە هەولێر دەڵێت: "ستراتیژییەتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە ئامانجەکەی فرەچەشنکردنی داهاتە نیشتمانییەکەیەتی و لە رێگەی ئەم ستراتیژییەتەشەوە مەبەستیەتی بازنەی وەبەرهێنان فراوانتر بکات. بۆ نموونە، وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی. دەوڵەتی ئیمارات لە رێگەی کۆنسوڵخانەکەیەوە لە هەولێر، ستراتیژییەتی هەرێمی کوردستانی بە ستراتیژییەتی خۆیەوە گرێداوە لە بابەتی ئاسایشی خۆراک."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "بەمدواییانە کۆمپانیایەکی ئیماراتی پڕۆژەیەکی مەزنی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و سوپاس بۆ خودا پڕۆژەیەکی سەرکەوتووە. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ دەستپێکردنی وەبەرهێنانی زیاتری ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان."
 
جگە لە وزە، پیشەسازی و کشتوکاڵ، لە کەرتی گەشتوگوزار هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئیمارات ببینێت، کە ساڵانە زیاتر لە 14 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە