رووداو دیجیتاڵ
مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم رەتی دەکاتەوە دەست بەسەر هیچ موڵک و ماڵێکی کۆمپانیاکەیاندا گیرابێت و دەڵێت، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لەو بارەوە بڵاودەکرێنەوە "راست نین."
بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەرزە کەڵەکەبووەکان، کۆڕەک تیلیکۆم داوای "لێدەرکردن" دەکات لەنێوان ئەو قەرزەی لەسەریانە و ئەو قەرەبووەی بە بڕیاری دادگا بۆی دیاریکراوە. مازن سیروان بارزانی رایگەیاند: "ئێمە داوا لە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە."
مازن سیروان بارزانی ئامادەیی کۆمپانیاکەی نیشاندا کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پەنا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ببەن و گوتیشی: "هیوادارین ئەم حکومەتە نوێیە ئاسانکاری بکات، بۆ چارەسەری کێشەی کۆڕەک و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا."
سەبارەت بە کێشەی خزمەتگوزارییەکانیان لە هەندێک ناوچەی عێراق، مازن سیروان بارزانی دەڵێت، بەهۆی "گوشارەکانەوە" نەیانتوانیوە وەک پێویست کاربکەن، بەڵام جەختیکردەوە، "هەوڵ دەدەین رۆژ بە رۆژ خزمەتگوزارییەکانمان باشتر بکەین و هەر سکاڵایەکمان پێ بگات، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکدا کە لە 48 کاژێر تێپەڕ نەکات، چارەسەری بکەین."
دەقی هەڤپەیڤینی مازن سیروان بارزانی لە کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
رووداو: چەند رۆژێکە راگەیاندنەکانی عێراق زۆر لەسەر بابەتی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی کۆڕەک و زیادبوونی قەرزەکانی قسە دەکەن. راستی و دروستیی ئەم بابەتە چییە؟
مازن سیروان بارزانی: ئەم بابەتە لە راستییەوە دوورە. بەڕێز بەلیخ ئەبو کلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، چاوپێکەوتنێکی میدیایی هەبووە. دوای ئەوەی بەڕێز سعود ساعدی، پەرلەمانتاری عێراق، نووسراوێکی ئاراستە کردوون و باسی قەرزەکانی کۆڕەکی کردووە، دەڵێ، ئێوە چەند کارێکتان کردووە کە دوور لە یاسا و بەشێوەیەکی نایاسایی بووە.
رووداو: پەرلەمانتارەکە وا دەڵێت؟
مازن سیروان بارزانی: بەڵێ، پرسیاری لێکردوون و ئەوانیش وەک بەرگرییەک لە خۆیان ئەو چاوپێکەوتنە میدیاییەیان ئەنجام داوە. ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا، ئەوەیە کە دەڵێت بڕیارەکانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان بەهایان نییە.
رووداو: بڕیارەکەی دادگای هەرێمی کوردستان چییە؟
مازن سیروان بارزانی: ئەگەر بە کورتی بۆ بینەرانی روون بکەینەوە، بابەتەکە ئەوە بوو کە لە ساڵی 2007 کۆڕەک بەشداری لەو زیادکردنە ئاشکرایەدا کرد کە بۆ مۆڵەتی 15 ساڵەی تۆڕەکانی پەیوەندی لە سەرتاسەری عێراق رێکخرابوو. ئەو کاتە کۆمپانیای (عێراقنا) یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی لە بەغدا کاری دەکرد، کۆدی 079ـی هەبوو لەگەڵ نزیکەی 3 ملیۆن و 200 هەزار بەشداربوو. ئێمە چەندین داوای یاساییمان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان تۆمار کرد. دواجار، لە ساڵی 2015 لە دادگای (مجلس الطعن) کە سەر بە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقە، بڕیارێکمان وەرگرت کە دەڵێت کۆڕەک ئەو پارەیەی لەسەریەتی بۆ مۆڵەتەکەی نادات، تاوەکو کۆدی 079 و بەشداربووەکانی بۆ نەگەڕێتەوە.
رووداو: تاوەکو ئێستا ئەو کۆدەتان پێنەدراوە؟
مازن سیروان بارزانی: ئەو کۆدەمان پێنەدراوە.
رووداو: ئەو کۆدە چییە؟
مازن سیروان بارزانی: ئەو کۆدە، کۆدی کۆمپانیای عێراقنا بوو کە 3 ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی نایاسایی دراوەتە کۆمپانیای زەین. ئەمە تەنیا بۆچوونی من نییە، بەڵکو بە بڕیاری دادگای دەستپاکیی بەغدا دەرچووە کە دەڵێ ئەو کۆدە بەشێوەیەکی نایاسایی دراوەتە کۆمپانیای زەین. تاوەکو ئەمڕۆ، زەین خاوەنی دوو کۆدی 078 و 079ـە، لە کاتێکدا ئاسیاسێڵ تەنیا کۆدی 077ـی هەیە.
رووداو: ئێستا بڕیارەکەی دادگا، وەک من بینیم، دەڵێت لەبەر ئەوەی ئەم کۆدە نەدراوەتە کۆڕەک، دەبێت دەستەی راگەیاندن و گەیاندن قەرەبووی کۆڕەک بکاتەوە. راستە؟
مازن سیروان بارزانی: بەڵێ، دادگای هەرێمی کوردستان وا دەڵێت. لێرەدا چەند شتێکی گرنگ هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین. دادگای هەرێمی کوردستان پشت بە لێکۆڵینەوەیەک دەبەستێت کە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە ساڵی 2014 ئەنجامی داوە. لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە کە دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە. لە راستیدا، دادگای هەرێمی کوردستان بڕێکی کەمیشی بۆ کۆڕەک دیاری کردووە کە ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێت بڕەکە 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە.
رووداو: واتە دەبێت ئێستا 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار قەرەبووی ئێوە بکرێتەوە؟
مازن سیروان بارزانی: بڕیارەکە ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە.
رووداو: نا، دادگا وا دەڵێت، بەڵام ئێوە پێتان وایە هێشتا کەمە و دەبێت 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار قەرەبووتان بکرێتەوە؟
مازن سیروان بارزانی: بەڵێ، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەو کاتە کراون، ئێمە پێمان وایە دەبێت وا بێت، بەڵام بڕیاری دادگایە و یاسا سەروەرە.
رووداو: بەڵام من ئەو چاوپێکەوتنەم بینی. بەرپرسەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق نووسراوی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی فڕێ دەدا و دەیگوت دانی پێدانانێن. ئایا ئەمە یاساییە؟ دەڵێت هیچ دادگایەک ناتوانێت بڕیار بەسەرماندا بسەپێنێت، تەنیا "مجلس الطعن" نەبێت. ئایا ئەوە راستە؟
مازن سیروان بارزانی: نەخێر.
رووداو: بڕیاری دادگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت؟
مازن سیروان بارزانی: بەپێی مادەی 19ـی دەستووری عێراق، بڕیاری هەر دادگایەک لە سەرتاسەری عێراقدا کارا و جێبەجێکارە. بۆ روونکردنەوە، یاسای ژمارە 65 کە لە سەردەمی بریمەر دەرچووە و تایبەتە بە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، دەبووایە لە پەرلەمان پێداچوونەوەی بۆ بکرێ، بەڵام لە 2004ـەوە نوێ نەکراوەتەوە و وەک یاسایەکی کاتی ماوەتەوە. تەنانەت بەپێی ئەو یاسایەش، "مجلس الطعن" تەنیا تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەی ئەو بڕیارانەی سەرۆکی دەستەکە دەریان دەکات و لایەنی بەرامبەر پێی رازی نییە. ئەگەرنا، کێشەی لەم جۆرە لە دادگای بازرگانی یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر قسەکانی ئەو بەڕێزە راست بن، پرسیار ئەوەیە، بۆچی پارێزەری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ نزیکەی چوار ساڵ لە هەموو دانیشتنەکانی دادگای هەولێر ئامادە بووە؟ هەر لە یەکەم دانیشتندا کاتێک پارێزەرەکانمان وەڵامیان دایەوە، ئەوان هیچ ناڕەزایەتییەکیان دەرنەبڕی و دادگا بەردەوام بوو. من لێرەوە، لە رێگەی کەناڵی رووداوەوە، داوا لە بەڕێز دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکەم، رێگە نەدەن ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بکرێنە سەر سەروەری و دەستووری عێراق، چونکە ئەو بەرپرسە کارمەندێکی حکومییە و سوێندی خواردووە دەستوور بپارێزێ، بەڵام ئێستا دەڵێت بڕیاری دادگا جێبەجێ ناکرێ، لە کاتێکدا بەپێی مادەی 19ـی دەستوور، بڕیارەکە کارایە.
رووداو: چیتان کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێ؟
مازن سیروان بارزانی: ئێمە لە 13/5/2026ـەوە نووسراوێکمان ئاراستەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کردووە و ئاماژەمان بە چەند خاڵێک داوە و داوامان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە کۆببینەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەڵاممان وەرنەگرتووەتەوە. ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەین و هیچی دیکە.
رووداو: کەی کێشەی کۆڕەک یەکلایی دەبێتەوە؟ ئێوە داوای قەرەبوو دەکەن و ئەوانیش داوای قەرزتان لێ دەکەن. کەی ئەم بابەتە چارەسەر دەبێت؟
مازن سیروان بارزانی: ئێمە داوا لە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە. با لێدەرکردن "مقاصة" لەنێوان قەرەبووەکەی ئێمە و ئەو قەرزەی ئەوان داوای دەکەن بکرێ و رێکبکەوین. لە کۆتاییدا، ئامانجی کۆڕەک خزمەتکردنی خەڵکە، چونکە بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، پەیوەندی وەک ئاو و کارەبا خزمەتگوزارییەکی گشتییە.
رووداو: بەنیاز نین داواکارییەک بدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟
مازن سیروان بارزانی: پشتیوان بەخودا ئەگەر ئەوە رێگەی چارەسەر بێت، ئەوەش دەکەین.
رووداو: پێدەچێت پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بێت. بەنیاز نین لەگەڵ ئەو و لەگەڵ وەزیری نوێی گەیاندن قسە بکەن؟
مازن سیروان بارزانی: تاوەکو ئەمڕۆش بەپێی یاسای ژمارە 65ـی کاتی بریمەر، بڕیارەکانی کۆمپانیاکانی مۆبایل (ئاسیا، زەین و کۆڕەک) لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوەیە، نەک وەزارەت. وەزارەت تەنیا پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە هەیە، بەڵام ئەگەر وەزیری نوێ دەستپێشخەرییەک بکات و لیژنەیەکی وەزاری پێکبهێنرێ، پێمان خۆش دەبێت و سوپاسگوزار دەبین.
رووداو: ئەم کێشەیە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە و رەنگە زیانیان بەرکەوتبێت، چونکە لە زۆر شوێن، کاتێک دەچیتە ناوچەکانی بەغدا، ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی کۆڕەک کێشەیان بۆ دروست دەبێت. دەستپێشخەرییەکتان لەگەڵ حکومەتی نوێ نابێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟
مازن سیروان بارزانی: ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان و وەک دەستەی بەڕێوەبردنی کۆڕەک تیلیکۆم، کەمتەرخەمی ناکەین. چارەسەرکردنەکەی لەسەر بەرپرسانی حکومەتی بەغدا ماوەتەوە. هیوادارین ئەم حکومەتە نوێیە ئاسانکاری بکات، چ بۆ کۆڕەک و چ بۆ پرسەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
رووداو: هەنگاوی داهاتووی دەستەی پارێزەرانی کۆڕەک تیلیکۆم چی دەبێت؟
مازن سیروان بارزانی: وەک باسم کرد، نووسراوێکی فەرمیمان ئاراستەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامین. ئەگەر وەڵام نەبوو، ناچار دەبین لە رێگەی دادگاوە داوای جێبەجێکردن بکەین.
رووداو: لەڕووی تەکنیکییەوە، چیتان کردووە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و پلانی داهاتووتان چییە؟
مازن سیروان بارزانی: بەداخەوە، بەهۆی ئەو گوشارانەی لەسەرمانە، ئەوەی ویستوومانە نەمانکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵ دەدەین رۆژ بە رۆژ خزمەتگوزارییەکانمان باشتر بکەین و هەر سکاڵایەکمان پێ بگات، هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکدا کە لە 48 کاژێر تێپەڕ نەکات، چارەسەری بکەین.
رووداو: ئەو پەرلەمانتارەی داوای روونکردنەوەی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کردووە، هیچ پەیوەندیتان پێوە کردووە؟
مازن سیروان بارزانی: نەخێر، نایناسین و یەکەم جار بوو بیبینین. دیارە دۆسیەکەی بینیوە و ویستوویەتی زانیاریی زیاتری لەسەر وەربگرێ. پشتیوان بەخوا دەستپێشخەری دەکەین و روونکردنەوەی پێویستی پێ دەدەین، هەرچەندە پێم وایە ئێستا بابەتەکەی لا روونە.
رووداو: پەرلەمانی عێراق گرنگ و کارایە. هەوڵ نادەن لە رێگەی لیژنەکانی پەرلەمانەوە ئەم دۆسیەیە بجوڵێنن؟
مازن سیروان بارزانی: بەڕێز سعود ساعدی ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەندێک لەو قەرزانەی خراونەتە سەر کۆڕەک، لابراون و پرسیاری کردبوو بەپێی کام یاسا ئەمە کراوە. پێم خۆشە ئەوە روون بکەمەوە. لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، نوێنەرانی لیژنەی گەیاندن و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق بە نوێنەرایەتیی سوننە، شیعە و هەموو لایەنە کوردییەکان ئامادە بوون و چاودێریی دانیشتنەکانیان دەکرد. لەو کۆبوونەوانەدا رێککەوتین کە یاسا سەروەرە و هەردوولا رێز لە بڕیاری دادگاکان دەگرین. ئەمە گرنگترین شتە، چونکە ئەگەر وڵاتێک رێز لە دەستوور و بڕیاری دادگاکانی نەگرێت، وڵاتێکی بێ یاسایە.
رووداو: بۆ دڵنیابوونەوە لە پرسیاری یەکەمم، ئایا راستە دەست بەسەر موڵک و ماڵی کۆڕەکدا گیراوە؟
مازن سیروان بارزانی: نەخێر، دەستی بەسەردا نەگیراوە و ئەو هەواڵە راست نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ