رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دا، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکیی هەولێر لادرا کە "بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان (مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا محەممەد مەلا قادر) کراون".
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.24، بە ئامادەبوونی رێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی "سەرۆک مەسعود بارزانی" و بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسی لقی 2 و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دیكەی حیزبی و حکومی، لە رێورەسمێكی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکی لادرا کە بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان (مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا محەممەد مەلا قادر) کراون".
له رێورهسمهكهدا، پارێزگاری ههولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو پێزانین و ئەمەکداری خۆمان بۆ ئەو دوو تیكۆشەرە مەزنەی خەباتی گەلەکەمان دووپات بکەینەوە، ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە تەنیا کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی هەولێری پایتەختە".
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "هەولێری پایتەخت لەژێر سێبەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خێرای ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری، رێز لە خەباتی نەوەکانی رابردووش دەگرێت. ئەم دوو تێکۆشەرە خوالێخۆشبووە تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی رەوای گەلەکەمان، و هێشتنەوەی ناویان لەسەر شاڕێگاکانی هەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەرگیز رابردوو و قارەمانەکانی خۆی لەیاد ناکات".
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ناونانی ئەو دوو شەقامە "لە چوارچێوەی پلانی گشتگیر و ستراتیژی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی دێت بۆ رێکخستنەوەی نەخشەی شار و ئاسانکاری هاتووچۆ، ئەو دوو شەقامە نوێیەی کە ناونراون، شادەماری سەرەکی بەستنەوەی چەندین گەڕەک و ناوچەی گرنگی پایتەختن، کە هەم کێشەی قەرەباڵخی کەمدەکەنەوە و هەمیش دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ