رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی کەمی چاودێری یان زۆریی خواست، جۆرەها ماکیاژی ساختە (Copy) بڵاوبوونەتەوە کە مادەی مەترسیداریان تێدایە. ئەم مادانە نەک تەنیا زیان بە پێست دەگەیەنن، بەڵکو لە رێگەی کونیلەکانەوە دەچنە ناو خوێنیشەوە؛ دەبنە هۆی پەڵە و شێرپەنجەی پێست، سووربوونەوەی پێست هەروەها زیان بە خانمی دووگیانیش دەگەیەنن.
لە بەرنامەی ئەمجارەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ماکیاژی خراپ کرا. بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، گرنگترین زیانەکانی بریتین لە شێرپەنجەی پێست، داخرانی کونیلەکان و دروستبوونی زیپکە، پیربوونی پێشوەختە بەهۆی تێکشکانی کۆلاجین، هەستیاری و ئەکزیما، و دروستبوونی پەڵەی قاوەیی کە چارەسەریان ئەستەمە. هەروەها ماسکارا و ئایلانەری ساختە دەبنە هۆی هەوکردنی چاو نابینایی.
مەترسیی نابینایی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان
شکۆفە فەرهاد، مەیکئەپ ئارتیست لە بەرنامەکەدا هۆشداری دا و گوتی: "مەیکئەپ زۆر مەترسی هەیە وەک سووربوونەوە و سووتانی پێست. زۆر خەڵک هەیە بەهۆی پرۆداکتەوە تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە، جیا لەوەی بە پارەی زۆر دەیکڕن بەڵام زیانی هەیە. ئەگەر مادەکان ماوەی بەسەردا بچێت یان لە جێگەی گەرم هەڵبگیرێت، سترکاچەری تێکدەچێت، تەنانەت ئەگەر براندیش بێت."
ئەو مەیکئەپ ئارتیستە گوتی، کە دەبێت کوالێتی کۆنترۆڵی ماکیاژ بەهێز بکرێت، چونکە ماسکارەی خراپ دەبێتە هۆی نابینابوونی چاو، ماسکارە و قەڵەمی چاو لە هەموو ماکیاژێک مەترسیدارترن. هەندێک جۆری کرێم دەبێتە هۆی شیرپەنجەی پێست و لە بازاڕەکانیشدا دەفرۆشرێن.
بەهۆی ماکیاژی ساختە؛ "کەیسی شێرپەنجەمان هەیە"
دکتۆرە بانوو محەممەد، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک مادە لە مەیکەپدا هەن ئەگەر بۆ ماوەی دوورودرێژ بەکاربهێندرێن ئەگەری هەیە کەسەکە تووشی شێرپەنجە بکەن گوتیشی: "کارەساتە کە بە ماکیاژەوە بخەویت".
لەبارەی بەرهەمە سپیکەرەوەکان دکتۆرە بانوو محەممەد دەڵێت:"لە سەرەتادا گۆڕانکارییەک دەبینرێت بەڵام دواتر حاڵەتەکە خراپتر دەکات و شوێنەکە ناشرین دەکات".
لەمبارەیەوە دکتۆر شاخەوان محەممەد، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت "کەیسمان هەیە تووشی شێرپەنجەی پێست بووە بەهۆی هەندێک ماکیاژی خراپ. ماکیاژی فەیک کە لاسی ئۆرجیناڵەکە دەکاتەوە، مادەی ژەهراوی تێدایە و کێشەی پەڵەی زۆر قوڵ و پیربوون دروست دەکات."
50٪ـی بازاڕ "فەیک"ـە
سابیر عومەر، فرۆشیاری جوانکاری خانمان لە بەرنامەکەی رووداو راگەیاند:"نزیکەی 50٪ـی بازاڕی ناو کوردستان شتی فەیکە و نازانرێت چۆن داخڵ بووە، ئێستا لە ماڵان شتی قەڵەوی و لاوازبوون دروست دەکرێت و دەفرۆشرێت، کە زیان بە پێست و قژ دەگەیەنێت."
ماردین عوسمان، مامۆستای فێرکاری ماکیاژیش لە بەرنامەکەدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە متمانەی بە 80٪ـی مادەکان نەماوە و داوای کرد خەڵک سیقە بەو رێکلامانە نەکەن کە هەموو رۆژێک دەکرێن.
هەروەها دانی عوسمان، مەیکئەپ ئارتیست گوتی، ئێستا ئەپلیکێشن هەیە بۆ ناسینەوەی شتی فەیک.
رێژوان شێخانی، کارمەندی ئارایشتگەش گوتی کە رێکلام بۆ شتێک دەکرێت کە ئەسڵەن نازانیت لە چی دروستکراوە.
دۆزینەوەی "نووشتە، جادوو و کلکی پشیلە" لە ناو ئارایشتگەکاندا
لە راپۆرتێکی مەیدانی بەرنامەکەدا، رێکارەکانی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی خرانەڕوو. سۆما خەلیل، سەرۆکی لیژنەی ئارایشتگەکان لە قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: "بەپێی رێنماییەکانی کوالیتی، سەیری ئەو مادانە دەکەین کە بەسەرچوون یان ئێرانی بن، هەندێک بەرواریان بە دەست لابچێت ئەوە کۆپییە. دەبێت لایەنی پەیوەندیدار کۆنترۆڵی ئەو پەیجانە بکات کە لە ماڵەوە بەرهەمەکان دەفرۆشن."
عیسمەت محەممەد، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئارایشتگەکان لە قایمقامیەتی سلێمانی باسی لە سەردانەکانیان کرد و گوتی: "چووینە ئارایشتگەیەک نرخەکەی زۆر هەرزان بوو، دەرکەوت لە تەنیشت ساڵۆنەکە مادەی خراپیان دەخستە ناو کارتۆنی مارکەوە و بۆ هاووڵاتییان بەکاری دەهێنن. هەروەها سکاڵامان بۆ هاتووە کە لە ناو ئارایشتگەدا نوشتە و جادوو دەکرێت؛ چووین بینیمان کۆمەڵێک نوشتەی زۆر کاربوو، هەروەها کلکی پشیلە، ئیسقان، و رەسمی بووک و زاوا کە لێکرابووەوە هەمووی بۆ نوشتە بەکارهێنرابوو، سالۆن هەبووە مەساجی تێدا دەکرا کە ئەوەش رێگەنەدراوە."
"ماکیاژ و جوانکاری کاریگەری لەسەر منداڵ لە ناو سکی دایکی هەیە"
دکتۆر شادی عەبدوڵا، پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست رایگەیاند: "پێست گەورەترین ئەندامی جەستەیە و توانای هەڵمژینێکی زۆر زۆری هەیە، فەرقی نییە لەگەڵ خواردن. لە کۆی 10 هەزار مادە، 1600 مادەی کۆسمەتیک قەدەخەکراوە. بەکارهێنانی کەلووپەلی جوانکاری لە ئارایشتگەکان دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی پێست و رەشبوونی ژێر چاو و کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە".
ئەو پزیشکەی نەخۆشییەکانی پێست هۆشداری لە تەمەنی بەکارهێنانی ماکیاژ دا و گوتی:"دەبێت لەسەرووی 18 ساڵ ماکیاژ بەکار بهێندرێت، چونکە پێستی منداڵ هەستیارە و تەنکە توانای هەڵمژینی زیاترە؛ هەروەها ئەو کەسانەی دووگیانن و دەڕۆن بۆ ئارشگا هەندێک ماکیاژ و بۆیە قژ هەیە کاریگەری لەسەر منداڵەکەی دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بە کەم ئەندامی و کێشەیەکەوە لە دایک بێت".
سازان ئەمین، شارەزای بواری ماکیاژ گوتی: "ئەو ماکیاژانەی سیمی زۆری تێدایە فەیکن. ئەو مادانەی لە ئەوروپا بەسەر دەچێت، لە بازاڕی رەشدا بە کوردستان دەفرۆشرێن."
لە کۆتاییدا، ئاسۆس مستەفا لە سەندیکای ئارایشتگەکانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە داکۆکی لە ئارایشتگەکان دەکەن بەڵام لەگەڵ سزادانی سەرپێچیکارانن.
دایکی ماریا، لە سەندیکای کرێکارانی هەولێریش راگەیاند، کە ئافرەتان ئێستا هۆشیارن و فرۆشتنی کەرستەی جوانکاری پێویستی بە مۆڵەتی فەرمی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ