وەزارەتی رۆشنبیری: ئەو پەیجانەی فەیسبووک کاری میدیایی دەکەن دەبێت مۆڵەت وەربگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، رێنوێنیی نوێیان دەرکردووە و دەبێت هەموو ئەو پەیجانەی کاری میدیایی دەکەن، خۆیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
 
رۆژی دووشەممە 24ی تەممووزی 2023، شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێنوێنیی نوێ بۆ میدیای ئەلیکترۆنی دەرکراوە و دەبێت هەموو ئەو پەیجانەی کاری میدیایی دەکەن، خۆیان تۆمار بکەن و دیار بێت کێ خاوەندارییان دەکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا پەیج و دامەزراوە میدیاییەکان ئاگادار دەکەنەوە کە خۆیان تۆمار بکەن، دواتر وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەنەوە کە هەر پەیج و میدیایەک کاری میدیایی بکات و بیەوێت رووماڵی کار و چالاکییەکان بکات، ئەگەر مۆڵەتی نەبوو، رێگەی پێنەدرێت لە هیچ شوێنێک رووماڵ بکات.
 
شێروان عەوڵا خورشید گوتیشی، ئەوانەی خۆیان تۆمار ناکەن، "سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین و دەیاندەینە دادگە؛ بەشێکیان ئێستاش سکاڵایان لەسەرە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کە دەست رووداو کەوتوون، تاوەکو ئێستا نزیکەی 120 پەیجی فەیسبووک، کە کاری میدیایی دەکەن، بە فەرمی خۆیان تۆمار کردووە.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 280 کەناڵی تەلەڤیزیۆن و رادیۆ بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.