گالەری

24-09-2020
15 Photos
سۆران ساڵح

رووداو دیجیتاڵ 

 

ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی داوا لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات بە هانای پارکی هەواری شارەوە بچن و لە وشکبوون و سووتان رزگاری بکەن.
 
بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە نووسراوێکدا داوا لە سەرۆکی شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی دەکات کرێکاری پێویست بۆ پارکەکە بە کرێ بگیرێت تاوەکو هەواری شار لە سووتان بپارێزن ئەگەرنا پارکەکە بە رووی گەشتیاراندا دابخرێت، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی بۆ تەرخان دەکات.
 
رێبین جەمیل، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵەوە نووسراویان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە کە بودجەی پێویست بۆ پارکەکە تەرخان بکەن، ئەوانیش نووسراوەکەیان ئاراستە وەزارەتی دارایی کردووە، "بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە و هیچ بڕە پارەیەک بۆ پارکەکە تەرخان نەکراوە".
 
بە گوێرەی نووسراوەکەی بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار لە 15-1-2020 دەرخستەی تایبەت بە (بەڕێوەبردن، چاکسازیی و خزمەتکردنی پارکی هەواری شار) ئامادەیە و دراوە بە وەزارەتی شارەوانی، هاوکات لە 19-5-2020ـەوە کۆمپانیای لاوێن کە ئەرکی خزمەتکردنی پارکەکەی لەئەستۆ بوو وازی لەکارەکەی هێناوە و گرێبەستی تەواوبووە، بەڵام گرێبەستی کارکردن لە پارکەکە لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەکراوە، ئەوەش وایکردووە کە پارکەکە بێخزمەت بمێنێتەوە و بەرەو وشکبوون بچێت.
 
پارکی هەواری شار مانگی 5ـی ساڵی 2016 دوای 10 ساڵ کارکردن تێیدا کرایەوە، رووبەری پارکەکە چوار هەزار دۆنمە و تەنیا 30 باخەوانی هەیە.