فێستیڤاڵی هەنار لە لوڕستان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە 75 هەزار تۆن هەنار لە پارێزگاکە بەرهەم دەهێنرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سێ هەزار و 500 هێکتار باخی هەنار لە لوڕستان هەن.
دوێنێ پێنجشەممە، 23-10-2025، فێستیڤاڵی هەنار لە کۆیەشتی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو 27ـی مانگ بەردەوام بێ.
نامدار سەیادی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 75 هەزار تۆن هەنار لە لوڕستان بەرهەم دەهێنرێت.
بە گوتەی نامدار سەیادی، بەگشتی نزیکەی سێ هەزار و 500 هێکتار زەویی کشتوکاڵیی پارێزگای لوڕستان کراوەتە هەنار.
کۆیەشت و ناوچەی سیابی سەر بە شارەکە کە فێستیڤاڵەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، دوو لە گرنگترین ناوچەکانی بەرهەمهێنەری هەنارن لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێت، لە کۆی ئەو زەوییانەی لە پارێزگاکە کراونەتە باخی هەنار، هەزار و 200 هێکتاریان کەوتوونەتە ناوچەی سیاب و هەزار و 800 هێکتاریشیان لە سنووری شاری کۆیەشتن.
پارێزگای لوڕستان 735 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە کە زیاتر لە 550 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم و 185 هەزار هێکتاریشی بە شێوەی بەراوە.