رووداو - هەولێر
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رای جیاوازی لهسهره و "وەك گوشاری بەغدا دەبینرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان" بەوپێیەی مەترسی مووشەكەكانی رووسیا تەنها لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لەسەر ئێران و چەند ناوچەیەكی دیكەش مەترسی هەیە، بەڵام تەنها گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێم راگیراون.
ئەمین بەكر، ئەندامی لیژنەی یاسایی له ئهنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی بەشداری لەبەرنامەی مژاری (رادیۆی رووداو)دا رایگەیاند"هێشتا روون نییە راگرتنی گهشتە ئاسمانییەكانی هەرێم، هۆكارەكەی هەبوونی ئەو مەترسیەیە كە باس دەكرێت یاخود فشارێكی دیكەی بەغدایە دژی هەرێمی كوردستان".
گوتیشی "دەزگای فڕۆكەوانی عێراقی بڕیار لەو بابەتەدەدات، بەڵام بەداخەوە لە عێراق بابەتە مەدەنی و تەكنیكییەكان لە بابەتی سیاسی بۆ جیاناكرێنەوە، بۆیە ئێستا ناتوانين بزانین ئایا بەڕاستی هۆكارەكە هونەریە یاخود، دەستێكی سیاسی لە پشتە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد" قسەمان لەگەڵ دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنی كردووە، ئەوان هەر ئەو وەڵامەیان هەبووە، كە بەهۆی مەترسی مووشەكەكانی رووسیا بووە، لهكاتێكدا بهشێك لهو فڕۆكانەی بۆ فڕۆكهخانهكانی دیكهی عێراق دهچن به ئاسمانی هەرێمدا دهڕۆن، نازانین ئایا ئهوانهش راگیراوه یاخوود نا".
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێم، جگە لە گەشتە بازرگانییەكان هاتوچۆی ئەو فڕۆكانەشی راگرتووە، كە هاوكاری سەربازی، بۆ پێشمەرگە دەهێنن لەبەغداوە، شارەزایەكی هاتوچۆی ئاسمانی پێیوایە "راگرتنی گەشتەكان زیاتر لە فشارێك دەچێت، چونكە مەترسی موشەكەكان ئەگەر هەبێت تەنها لەسەرهەرێم نیيە".
هەڵۆ تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای ستێر گروپ، بۆ فڕۆكەوانی لەمیانی بەرنامەكەدا، گوتی" بۆ فڕۆكەوانی خەتی تایبەت هەیە و لە هەموو دنیاوە وڵاتان زۆربەی بەسەر ئێراندا دەڕۆن، بەڵام هیچ گەشتێكی ئێران رانەگیراوە، لە كاتێكدا مووشەكەكانی رووسیا بە ئاسمانی ئێراندا دەڕوات".
تاڵەبانی پێیوایە راگرتنی گەشتەكان كاریگەری خراپی دەبێت هەم بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان و هەم بۆ متمانەی كۆمپانیاكانیش بەهەرێم.
گوتیشی"چەندە كۆمپانیای نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان هەیە، پلانیان هەیە لە هەرێم، ئەمە كاریگەری لەسەر متمانەی ئەوانیش دەبێت بۆ هەرێم و زیان لە ناوبانگی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەدات".
هاوكات باس لەوەشدەكرێـت، گەشتی فڕۆكەی شاندە دیپلۆماسییەكان بەردەوامە و تەنها گەشتە بازرگانییەكان راگیراون"ئەوەش زیانی زۆر بەهەرێمی کوردستان دەگەیەنێت".
هەڵۆ تاڵەبانی باسیلەوەشكرد، لەو ماوەیەدا كە گەشتەكان راگیراون، گەشتی فڕۆكەكانی شاندە دیپلۆماسییەكان كە دێنە هەرێم رانەگیراوە، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان ئاگاداری هەر مەترسیەكن ئەگەر هەبێت لەسەر ئاسمانی هەرێم.
شەوی یەكشەممە (22ی تشرینی دووەمی 2015) (23ی تشرینی دووەمی 2015) وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی بۆ ماوەی 48 كاژێر دا، ئەوەش بەبیانووی هەبوونی مەترسی لەسەر ئاسمانی هەرێم.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەمیانی بەشداری لەبەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی (رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو) دا ئاشكرایكرد، راگرتنی گەشتەكان 100 فڕۆكەی لە گەشتكردن راگرتوە و، زیانی 600 هەزار دۆلاری بە فڕۆكەخانەكەیان دەگەیەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ