پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ رووداو: شاندەکە نەچووەتە ئیمراڵی و سبەی یان دووسبەی دەچێت

رووداو دیجیتاڵ

عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان سێشەممە یان چوارشەممە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 24-11-2025 باسی سەردانەکەی شاندی سەر بە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیداری لەگەڵ ئۆجەلان کرد و گوتی: "شاندەکە ئەمڕۆ نەڕۆیشتووە. ئەو سەردانە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) رێکدەخرێت، هەر بۆیە وردەکارییەکانی ئەو بابەتە بە تەواوی روون نین. هەتاوەکو ئێستا (کاژێر 6:30ی ئێوارەی دووشەممە) دەم پارتی هیچ هەواڵێکی لەم جۆرەی بە ئێمە نەداوە".
 
گەرگەرلیئۆغڵو هەروەها گوتی دەم پارتی بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەو سەردانە دەکات.
 
هاوکاتی باسی هەڵوێستی جەهەپە و رێبازی نوێی کرد کە لە بابەتی سەردانیکردنی شاندەکە بۆ لای ئۆجەلان، کشاونەتەوە و گوتی: "ئەو هەنگاوەی جەهەپە و رێبازی نوێ جێی نیگەرانییە. رێک لەو شوێنەی کە کارەکان رێکخراون و هەنگاوی باش دەنرێت، ئەوان کشانەوە. کورد بەو بڕیارەی جەهەپە نیگەرانن".
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێ، لەکاتێکدا تورکیا گەیشتووەتە کەناری چارەسەری، جەهەپە و رێبازی نوێ بەو کشانەوەیان دەرفەتێکی مێژووییان لەدەستدا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە جەهەپە و رێبازی نوێ چەند بابەتێک وەکو هۆکاری رەتکردنەوەی چوونی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، نیشان دەدەن. یەکێک لە پێشنیازەکانیان ئەوەیە کە دەڵێن، با ئۆجەلان لەڕێی شاشەیەکەوە قسە بۆ کۆمیسیۆن بکات. عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو دەڵێ، کێشەیەکی 200 ساڵە نابێت لە شاشەیەکەوە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵکو دەبێت رووبەڕوو بێت.
 
گەرگەرلیئۆغڵو لەمبارەیەوە گوتی: "کشانەوەی فراکسیۆنەکانی جەهەپە و رێبازی نوێ بووەتە مایەی نیگەرانی. ئەمە نیشانی دەدا کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دا چەندە سەختە. جەهەپە بەشداری لە کۆمیسیۆنەکە دا کرد و لەگەڵمان بوو، رێک لەو کاتەی هەنگاوێکی گەورە نرا، کشایەوە. رێبازی نوێش بە هەمان شێوە کشایەوە. ئەوان بیانووی جۆراوجۆر بۆخۆیان دروست دەکەن. خۆشیان نازانن چی دەکەن".
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە بابەتی متمانەی کوردان بە بلۆکی دەسەڵات گوتی: "ئێستا گەورەترین متمانە دەوڵەت باخچەلییە کە دەسەڵاتی زۆرە و بەرپرسیاریەتیی کەمە. هەرچیی ئاکپارتییە لەم بابەتەدا بەرپرسیاریەتیی زۆری لەسەرە. دەوڵەت باخچەلی پێداگرە و دەڵێ خۆی دەچێتە ئیمراڵی".
 
گەرگەرلیئۆغڵو هەروەها دەڵێ، رەجەب تەیب ئەردۆغان پشتیوانی لە هەنگاوەکانی باخچەلی دەکات، بەڵام بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکات و نایەوێ خۆی تووشی هەندێک مەترسی بکات. 
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا و باکووری کوردستان بڵاویان کردەوە کە شاندی کۆمیسیۆنەکە چووەتە ئیمراڵی، بەڵام هەواڵەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە پشتڕاستنەکرایەوە. دواتر بەشێک لەو سەرچاوانە رایانگەیاند، کە شاندەکە هێشتا نەڕۆیشتووە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتییەوە کرد و پرسیاری چوون یان نەچوونی شاندەکەی ئاراستە کرد. گوتەبێژی دەم پارتی بە رووداوی گوتووە کە ناتوانێ پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە، کە شاندەکە چوونەتە ئیمراڵی یان نا.