16:06
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی: سبەی ئێوارە ئەنجامی دەنگدانی ئەنجوومەنی گشتی رادەگەیێنین
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەكو ئێستا 40%ـی دەنگەکانی بازنەی سلێمانی جیاكراونەتەوە و سبەی ئێوارە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتی رادەگەیێنن.
مەلا یاسین، گوتەبێژی كۆنگرەی چواری یەكێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەبێ وەستان بەردەوامدەبێت و دوای تەواوبوونی جیاکردنەوەکانیش، ماوەیەك دەدرێتە بەربژێرەكان بۆ تانە لێدان "ئەگەر هەیان بوو".
13:16
ئەندامێکی کۆنگرە: رەنگە ئەمڕۆ تەنیا ئەنجامی بازنەی سلێمانی ئاشکرابکرێت
نەوزاد رەسوول، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی
ئەندامێکی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە ئەمڕۆ تەنیا فریای ئەوە دەکەون ئەنجامی بازنەی سلێمانی ئاشکرابکەن.
نەوزاد رەسوول، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ کاژێر 10:00 پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجامدران، نزیکەی هەزار و 90 دەنگدەر و 16 بازنەی هەڵبژاردن هەبوون.
نەوزاد رەسوول ئاماژەی بەوەش کرد "پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان زۆر قورسە و کاتی دەوێت، لەوانەیە ئەمشەو و بەیانیش تاوەکو درەنگانی شەو بخایەنێت".
ئەندامەکەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد، پرۆسەکە هەموو دەنگدەران و بەربژێرەکان قبووڵیانە و ئەنجامەکانیش لەڕێگەی داتاشۆوە هەموو بەربژێر و ئەندامانی دیکەی کۆنگرە دەتوانن بیبینن، راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی سێ مەڵبەند تەواوبوون ئەوانیش، مەڵبەندی یەکی سلێمانی، دووی کەرکووک و سێی هەولێرن".
11:38
ئەندامێکی کۆنگرە: پێناچێت ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگەکان رابگەیێندرێت
کاروان ئەنوەر، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەندامێکی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک رەخنەی نەبووە و پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەدەچێت، جیاکردنەوەی دەنگەکانیش پرۆسەیەکی ورد و ئاڵۆزە و پێناچێت ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگەکان رابگەیێندرێت.
کاروان ئەنوەر، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵەتنێکی هەواڵەکانی رووداو سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی و جیاکردنەوەی دەنگەکان رایگەیاند، هەر ئەندامێکی کۆنگرە لەنێوان 61 بۆ 121 دەنگی داوە. میکانیزمی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش لەوانەیە بەپێی بازنەکان یان بەپێی بەربژێرەکان بێت.
ئەو ئەندامەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی رۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا دەبینن، بەڵام دەسەڵات زیاتر لای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت.
کاروان ئەنوەر دەشڵێت، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، دەبێت ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە ماوەی سێ بۆ حەوت رۆژ کۆببێتەوە.
10:43
پەیامنێری رووداو: هەر کەسێک کەمتر لە 60 دەنگ و زیاتر لە 121 دەنگی دابێت، هەژمارناکرێت
پەیامنێری رووداو: هیچ گرفتێک لە جیاکردنەوەی دەنگەکان دروست نەبووە
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی سەبارەت بە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان گوتی، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە، لیژنەی دادوەریی سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکەن و دەستیان بە میکانیزمێکی تازە بۆ چۆنییەتی جیاکردنەوەی دەنگەکان کردووە.
هەروەها کامێرای چاودێری لەسەر سندووقەکان دانراوە و بەربژێرانی کۆنگرەش لەنێو هۆڵەکە بەوردی چاودێری جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو ئێستا (کاژێر 10:30 خولەک) هیچ گرفتێک لە جیاکردنەوەی دەنگەکان دروست نەبووە و هیچ کەسێکیش سکاڵای لەسەر لیژنەکە نییە.
بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت لیژنەکە هەوڵیانداوە سەرەتا دەنگە پووچەڵەکان جیابکەنەوە، بۆنموونە؛ لە هەر فۆرمێکدا ئەگەر بێت و کەمتر لە 60 دەنگ درابێت یان زیاتر لە 121 دەنگ درابێت ئەو فۆرمانە پووچەڵدەکرێتەوە.
ئێستا ئەوەی جیادەکرێتەوە ئەو دەنگانەن کە پووچەڵ نین و ئەوانەیشی بەربژێرکراون خۆیان راستەوخۆ لەنێو هۆڵی کۆنگرە دەزانن کە دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە یاخود نا.
10:13
عەدنان موفتی: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سیاسی پەسەنددەکات
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی نییە، بەڵکو بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی بڕیاری دروست لەبارەی پرسەکانەوە دەدەن.
عەدنان موفتی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لەڕێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنی باڵای سیاسییەوە یەکێتی توانی بەسەر ناکۆکییەکانی زاڵبێت کە چاوەڕێدەکرا رووبەڕووی کۆنگرە ببێتەوە، کارێکی باشیش بوو بۆ رادەستکردنی دەسەڵاتی یەکێتی بە نەوەی نوێ.
سەبارەت بە راپەڕاندن و چاودێرکردنی کارەکانی یەکێتی، عەدنان موفتی دەڵێت "راپەڕاندنی کاری رۆژانەی یەکێتی ئەرکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتییە، ئەنجوومەنی باڵای سیاسییش چاودێری کارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی حیزب دەکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی باسی ڤیتۆ نەکراوە و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی مافی ڤیتۆکردنی نییە، بەڵکو لەهەر پرسێکدا کە بزانێت پێویست بە دەستێوەردان دەکات داوای کۆبوونەوەی هاوبەش دەکات و بە گفتوگۆ و راوێژکردن هەردوو ئەنجوومەن دەگەن بەوەی بڕیاری پێویست بدەن.
عەدنان موفتی هەروەها دەڵێت، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی بەگوێرەی پرۆژەیەک دیاریدەکرێت، پرۆژەکەش لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتییەوە پەسەند دەکرێت.
عەدنان موفتی دەڵێت، بەگوێرەی پرۆژەکە دەستەیەکی 43 کەسیی بەناوی ئەنجوومەنی راپەڕاندن لەنێو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی هەڵدەبژێردرێت، ئەرکی ئەنجوومەنی راپەڕاندن دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە بەسەر مەڵبەندەکان، دامەزراوەکانی یەکێتی.