رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەخوڕ لە بەشێکی سنووری پارێزگای کەرکووک زیان بە چەند شوێنێک دەگەیێنێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "قوتابخانەیەک بەهۆی لافاوەوە دەوامی تێدا ناکرێت و ئاو چووەتە نێو سەرجەم پۆلەکانیەوە."
شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە باشووری کوردستان و عێراق کردووە. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 24-12-2023 بارانبارینی بەخوڕ لە کەرکووک دەستیپێکرد و زیاتر لە کاژێرێک بەردەوام بوو، کە بەهۆیەوە زیان بەر ماڵی بەشێکی ماڵی هاونیشتمانیان و هاووڵاتییان و چەند شوێنێکی دیکە کەوت.
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک دەڵێت، لە ناحیەی شوان بەهۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر ئاوی بارانەوە ژمارەیەک لە ماڵەکان زیانیان بەرکەوت. گوتیشی، "بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ئاو چووەتە نێو پۆلەکانی قوتابخانەیەکەوە و ئەمڕۆ دەوامی تێدا نەکرا."
بەپێی ئاماری کەشناسیی کەرکووک، لە 24 کاژێری رابردوودا لە سەنتەری شارەکە پێنج ملیمەتر، لە حەویجە 10 ملیمەتر، ریاز دوو ملیمەتر، دوبز شەش ملیمەتر و قەرەهەنجیر چوار ملیمەتر بارانبارین باریوە و زۆرترین شوێنیش کە بارانی تێدا باریوە سنووری ناحیەی شوانە، کە بە گوتەی پەیامنێری رووداو لە ئەنجامدا لافاو دروستبووە.
هاونیشتمانییەک لە ناحیەی شوان بە رووداوی گوت، "کاتی بارانبارین، ئاوەکە لە سەرووی گەڕەکەکەمانەوە دێت و لەناکاو لێرە دەریایەک ئاو کۆدەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ