کچە چوار ساڵانەکەی ورمێ کە زڕدایکی ئەشکەنجەی دابوو گیانی لەدەستدا

24-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاوا عومەر قارەمانی، ئەو کچە چوار ساڵانەی کە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی لەلایەن زڕدایکییەوە لە هۆش خۆی چووبوو و لە نەخۆشخانەیەکی شارەکە خەوێندرابوو، گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئاوا قارەمانی، ئەو كچە 4 ساڵانەی کە 11 رۆژ پێش ئێستا، بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەدانی لەلایەن زڕدایکییەوە زەبر بەر مێشکی کەوتبوو و لە نەخۆشخانەی موتەهەریی تایبەت بە منداڵان خەوێندرابوو، ئەمرۆ یەکشەممە، 24-12-2023، بە هۆی خراپتربوونی تەندروستییەوە و بەردەوامبوونی خوێنبەربوونی مێشکی، گیانی لەدەستدا.
 
سەید رەزا قائیمی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی موتەهەریی تایبەت بە منداڵانی شاری ورمێش هەواڵی مردنی ئەو کچە چوار ساڵانەی پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، ئاوا ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
 
شەوی 14-12-2023، هەواڵی ئەشکەنجەدانی ئەو کچە چوار ساڵانە لەلایەن زڕدایکییەوە و گرتەی ڤیدیۆیی کاتی ئەشکجەندانی کچەکە بڵاو کرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە پارێزگای ورمێ و سەرانسەری ئێران دروست کرد.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، پێش تێکچوونی تەندروستی، زڕدایکی ئەو کچە لێی دەدات و لە بەرهەیوانی ماڵەکەیانەوە فڕێی دەداتە نێو حەوشەکەیان و دواتریش هەر بە لێدان و راکێشان دەیباتەوە ژوورەوە.
 
زڕدایکی ئەو کچە لەسەر سکاڵای عومەر قارەمانی (باوکی ئاوا)، لەلایەن پۆلیسی ورمێ دەستگیرکراوە و تاوەکو کاتی دادگەییکردنەکەی دێت، لە زیندان دەمێنێتەوە.
 
باوکی ئاوا قسەی بۆ میدیا خۆجێیەکان کردووە و گوتوویەتی، "داوا لە دەسەڵاتی داد دەکات هاوژینەکەی کە دەکاتە زڕدایکی کچەکەی، لەسێدارە بدرێت."
 
باوکی کچەکە خەڵکی ناوچەی کوتوولی سەر بە شاری خۆیە لە باکووری پارێزگای ورمێ، چەند ساڵە لە ورمێ نیشتەجێییە و لە هاوژینی یەکەمی جیا بووەتەوە. کوڕێک و کچێکی لە هاوژینی یەکەمی هەیە بە ناوەکانی ئاراس و ئاوا و زیاتر لە ساڵێکە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنێکی دیکە پێکهێناوە. 
 
باوکی کچەکە لە کارخانەیەک لە تەورێز کار دەکات و زۆربەی کاتەکان لە ماڵەوە نییە. 
 
شەوی 14-12-2023، کە دەنگی گریانی کچەکە بیستراوە، دراوسێکانیان پەیوەندییان بە باوکییەوە کردووە و ئەویش گەڕاوەتەوە و بینیویەتی کچەکەی تەندروستی تێکچووە و زڕدایکەکە نەیبردووەتە نەخۆشخانە. 
 
دراوسێکانی ئەو ماڵە بە باوکی کچەکەیان گوتووە، چەند مانگێکە بە تایبەت شەوانە دەنگی گریانی کچ و کوڕەکە دەبیسترێت و زڕدایکیان ئازاریان دەدات.
 
باوکی کچەکە رایگەیاندووە، سەڕەتا بڕوای بە قسەی دراوسێکانی و تەنانەت خزمەکانیشی نەکردووە کە پێی گوتبوون، زڕدایکەکە ئەشکەنجەی منداڵەکانی دەدات و بە هۆی لێدانی لە لایەن زڕدایکییەوە ئاوای کچی ئەوەی بەسەر هاتووە، بەڵام دواتر لە کامێراکانی چاودێرییەوە خۆی دیمەنی لێدان و ئەشکەنجەدانی کچەکەی بینیوە و تووشی شۆک بووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنێکی بەخێوکردنی ماسی لە کرماشان.

سامانی ماسیی کرماشان: پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن ماسیمان هەبێت

بەڕێوەبەری سامانی ماسیی پارێزگای کرماشان دەڵێ، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ زیاتر لە 25 هەزار تۆن ماسی لە سنووری پارێزگاکە بەرهەم بهێندرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کرماشان خەریکە دەبێتە ناوەندێکی سەرەکیی بەخێوکردن و هەناردەکردنی ماسی لە ئێران.