رووداو – هەولێر
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، شەوی رابردوو هونەرمەندی نێوداری جیهان ئەنجلینا جولی ، گەیشتە هەولێر ، ئەمڕۆ بەیانیش بەرەو دهۆك بەڕێكەوت .
هاتنی ئەمجارەی ئەنجلینا جولی بۆ كوردستان دوور لە چاوی كامێراكان و بەبێ ئاگاداركردنەوەی دەزگا میدیاییەكان ئەنجامدرا ، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیی لەشاری دهۆك ئەنجامبدات .
ئەنجلینا جولی ، نوێنەری نیازپاكیی نەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ كاروباری پەنابەران و، لە مانگی ئەیلوولی 2012دا سەردانی باشووری كوردستانی كرد ، بە مەبەستی بینینی رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان ، بەڵام دوای گەڕانەوەی رایگەیاند لەبەر بەرپرسان و دەزگا میدیاییەكان ، زۆر دەرفەتی بینینی پەنابەرانی نەبووە ، بۆیەش هاتنی ئەوجارەی زۆر بەبێدەنگییە .
سینەماكار و دەرهێنەری نێوداری ئەمریكی ، ئەنجلینا جولی لەدایكبووی 1975ەو ، تاوەكو ئێستا خەڵاتی ئۆسكار و چەندین خەڵاتی هۆلیوودی بەدەستهێناوە و، بەشدارییەكی دیاری هەیە لەكارە خێرخوازییەكاندا لەبەرئەوە بە كەسێكی خاوەن كاریگەریی دادەنرێت لەبواری كارە خێرخوازییەكاندا.
ئەنجلینا جولی ، سێ جار هاوسەرگیریی كردووەو ، دواترینیان ئەكتەر و دەرهێنەری نێودار براد بیتە ، كە سێ منداڵیان هەیە . هەروەها ئەنجلینا جولی ، شەش منداڵە هەژاریشی هەڵگرتووەتەوە، كە دواترینیان موسایە ، كە منداڵێكی بێ باوكی سووریایە و ، ئەنجیلینا جولی لە كەمپێكی پەنابەران لە سووریا ئەوی بینی .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ