"مێردەكەم هەموو شەوێك دەستدرێژی دەكردە سەرم"

25-01-2016
ئیڤان عەبدولرەحمان
نیشانەکردن دەستدرێژی
A+ A-

رووداو- هەولێر

كاتێك پزیشكەكان پێیدەڵێن ئیدی ژنەكەت جارێكی دیكە منداڵی نابێت، ژنەكەی لە نەخۆشخانە جێدێڵێ‌ و دەڵێت "ژنم بۆچییە منداڵی نەبێت". سۆزان ئێستاش بەدەست بیرەوەری ئەو رۆژانەوە دەناڵێنێ‌ كە بووكێكی بچكۆلانە بووە لە ماڵێكی قەرەباڵغدا.

سۆزان دانیشتووی گوندێكی سەر بە ناحیەی دارەتووی شاری هەولێرە، ژیان و تەندروستی ئەو، بەندە بە رەچێتەی ئەو دەرمانانەی پزیشكێكی دەروونی مانگانە بۆی نوێ‌ دەكاتەوە. 

وەكو چەندین كچی دیكەی كوردستان كە منداڵ بووە خەتەنەكراوە، رەنگە ئەوە بووبێتە هۆكارێك كە وەكو پێویست نەیتوانیبێ‌ كاری سەرجێیی بكات. سۆزان دەڵێت "مێردەكەم هەموو شەوێك دەستدرێژیی دەكردە سەرم"، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە هێشتا بۆ سێكس ئامادە نەبووە.

ئەو باسی چۆنیەتی شووكردنەكەی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی "برا تەمەن 25 ساڵانەكەم پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێكی گونددا هەبوو، كاتێك چووە خوازبێنی، باوكی كچەكە بەو مەرجە رازی بوو كە كچێكیان بدەینێ‌ بۆ خۆی".

سێ‌ خوشكەكەی دیكەی سۆزان بە ژن بە ژنە شوویان كردووە. وەك بڵێی ژن بە ژنە میراتێك بێت بۆ ئەو خێزانە مابێتەوە. كاتێك براكەی داوای لێدەكات شوو بەو پیاوە بكات، سۆزان هێشتا تەمەنی 14 ساڵان بووە و پیاوەكەش 49 ساڵ، بەڵام ناوێرێ‌ داوای براكەی رەتبكاتەوە. سۆزان دەڵێت "ئەو پیاوەی بوو بە مێردم، هەشت منداڵی هەبوو، چوار لە منداڵەكانی تەمەنیان لە من زۆرتر بوو".

نەهامەتییەكانی ژیانی ئەو كچە هەر لەو شەوی پەردەدا دەستپێدەكەن. سۆزان دەڵێت "من ئامادە نەبووم لەگەڵی بخەوم، زۆر لێی پاڕامەوە وازم لێ بێنێ‌ و بمباتەوە لای دایكم، بەڵام سوودی نەبوو، پەلاماری دام و دەستدرێژی كردە سەرم، هەر ئەو شەوە بردیانم بۆ نەخۆشخانە و هەفتەیەك لە نەخۆشخانە مامەوە".

سۆزان ناوێرێ‌ هیچ لەلای كەسوكارەكەی بدركێنێ‌ "مێردەكەم هەڕەشەی لێكردم و گوتی لەلای خەڵك باسی بكەی دەتكوژم". سۆزان دەبووایە شەوان خزمەتی مێردەكەی بكات، رۆژانەش جگە لە كاروباری نێو ماڵ، كاروباری دەرەوەی ماڵیش بكات، ئەویش دۆشین و خاوێنكردنەوەی شوێنی ئاژەڵەكان بوو.

بووكی بچووك تەنیا كاتی نانخواردن و شەوان لەگەڵ مێردەكەی كۆیدەكردنەوە، ئەگەرنا هیچ گەڕان و سەیرانێكی نەبوو. سۆزان دەڵێت "زۆربەی شەوان كاتێك ژنە گەورەكەی خەوی لێدەكەوت، ئینجا مێردەكەم دەهاتە لام، بەڵام هیچ هەست و سۆزی بۆ دەرنەدەبڕیم، هەموو جارێك وەك ئەوە وابوو دەستدرێژیم بكاتە سەر".

ژیانی سۆزان دوو ساڵ بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، تا رۆژێكیان لە كاتی مانگا دۆشیندا، مانگاكە لەقەیەك لە سكی سۆزان دەدات، سۆزان دەبوورێتەوە و تا ماوەیەك كەس پێی نازانێت. كاتێك دەچن دەبینن لەسەر زەوی كەوتووە و خوێنی لەبەر دەڕوات.

سۆزان كاتێك چاوی دەكاتەوە دەبینێ‌ لە نەخۆشخانەیە، دواتر پزیشكەكان پێیدەڵێن دوو مانگە سكپڕیت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو رووداوەوە منداڵەكەت لەبار چووە. رەنگە جارێكی دیكە منداڵت نەبێت.

سۆزان دەڵێت كاتێك مێردەكەی گوێی لەو قسەیە بووە، یەكسەر نەخۆشخانەی جێهێشتووە و گوتوویەتی "ژنێكم بۆچییە منداڵی نەبێت، نەیهێننەوە ماڵی من، بیبەنەوە بۆ لای دایكی".

كاتێك سۆزان گوێی لەو قسەیە دەبێ، لە جیاتی دڵتەنگ بوون، دڵخۆش دەبێ "خەمی لە دەستدانی منداڵ و منداڵنەبوونم لەبیرچوو لە خۆشی ئەوەی مێردەكەم گوتی چیدی منی ناوێت".

بەڵام خەمی گەورەی سۆزان ئەوە بوو براكەی كێشەی بۆ دروست بكات. بۆیە كاتێك لە نەخۆشخانە دەردەچێ‌، دەچێتە ماڵی مامی تا ئەو كاتەی كێشەكەی چارەسەر دەكرێ‌.

سۆزان دەڵێت "مامم پیاوماقوڵی بنەماڵەكەمانی كۆكردەوە و چوونە ماڵی مێردەكەم، داوایان لێكرد من تەڵاق بدات، بەڵام براژنەكەم تەڵاق نەدرێ‌، ئەوانیش بەو مەرجە رازی بوون كە براكەم ماڵی خۆی بكات و حاشا لە ئێمە بكات".

دایكی سۆزان دەڵێت راستە كێشەكە چارەسەركرا و كچەكەی تەڵاقدراوە، بەڵام كچەكەی بووەتە قوربانی. دایكی سۆزان گوتی "هەر كەسێك دێتە خوازبێنی، هاوار دەكات و دەڵێت شووی پێناكەم، پەلامارم دەدات و دەمبەستێتەوە، دەستدرێژیم دەكاتە سەر".

ئێستا سۆزان لەگەڵ دایكی و دوو برا بچووكەكەی دەژی، مانگانەش سەردانی پزیشكی دەروونی دەكات. دایكی سۆزان دەڵێت "پزیشكەكان گوتوویانە رەوشی دەروونی بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام كاریگەری ئەو رووداوانەی بەسەری هاتووە هەر لەسەری دەمێنێ".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە