شەڕێکی سەخت لە ناوچە دەشتاییەکانی باکووری لازقییە دەستیپێکردووە

25-01-2016
هاشم حاجی بەکری
....
....
نیشانەکردن لازقییە
A+ A-

رووداو- لازقیە

رووداو وێنەی شەڕی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئەو وڵاتە بڵاودەکاتەوە، کە تیایدا شەڕێکی سەخت لە چیای کوردان و تورکمان لە لازقییە لەنێوان سوپای ئازادی سووریا و سوپای بەشار ئەسەد دەستیپێکردووە.

هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێن کە، چەند خاڵێکی ستراتیژییان لە دەشتی لازقییە کۆنترۆڵکردووە کە دیارترینیان گردی باشوورا و هەردوو گوندی دووریم و دوێرکێنە لە چیای کوردان.

سوپای سووریاش رایگەیاندووە، هەندێک ناوچەی ستراتیژییان کۆنترۆڵکردووەتەوە و شەڕی دەستەویەخە گەیشتە ناوچە دەشتاییەکانی باکووری لازقییە، شەڕیک کە لەوەتەی سوپای سووریا دەستی بە هەڵمەتی گرتنەوەی گوندەکانی هەردوو چییای کوردان و تورکمان کردووە، سەختترینە کە تێیدا سوپای سووریا هەندێک ناوچەی ستراتیژی کۆنترۆڵکردنەوە.

لەسەر ئەم پێشڕەوییەش چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن، کشانەوەیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە رووسییەکانەوەیە و رووسیاش لەبەر لێدانی داعش بەشداریی شەڕی سووریای نەکردووە بەڵکو بۆ پاراستنی حکومەتی سووریا کردوویەتی. 

ئەوان دەڵێن فڕۆکە رووسییەکان سەدان جار چەکدارانی سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنیان بۆردوومانکردووە و ئەوەش رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گۆڕینی باڵانسی هێز لە ناوچەی ساحل.

ئەبو کینان چەکدار لە ریزەکانی سوپای ئازاد بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "توانیمان هەردوو گوندی حۆڕ و دوێرکێ لە چیای کوردان ئازاد بکەین و سوپاس بۆ خوا ئەمانە دەستکەوتی جەنگن کە ئەسەد بەجێیهێشتوون، هەروەها توانیمان ژمارەیەک لە سەربازەکان بە دیل بگرین".

مووشەکی تاو، جۆرێکە لەو چەکانەی کە لە مەیدانی شەڕ لە دەشتی لازقییە جێی دەستی دیارە، ئەم مووشەکە بۆ تێکشاکاندنی تانک و زریپۆش بەکاردێت و دەتوانێت لە دووری 3700 مەتردا ئامانجەکانی بپکێت و ئێستا چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەو چەکانەوە شەڕی سوپای سووریا دەکەن.

سەعید رامی چەکدار لە سوپای ئازاد بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ گوندی دوێرکێ و دوێنێش گوندی حۆڕمان لە دەستی رژێم دەرکرد، هەروەها دەستمان بەسەر چەندین چەکی قورس و مامناوەنددا گرت، پشت بەخواش پێشڕەوی دەکەین بەرەو هەوارگەی سەلما و هەموو دەشتی لازقییە کۆنترۆڵ دەکەینەوە".

تیپی یەکی ساحل کە تاکە هێزی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە لە ناوچەکە دەڵێ، لەڕێگەی ئەو مووشەکەوە توانیویانە تاوەکو ئێستا 30 تانک و 15 تۆپهاوێژ و دەیان کامیۆنی سەربازی تێکبشکێنن.

هێزەکانی  ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێن کە چەند خاڵێکی ستراتیژییان لە دەشتی لازقییە کۆنترۆڵکردووە کە دیارترینیان گردی باشوورا و هەردوو گوندی دووریم و دوێرکێن لە چیای کوردان، بەڵام چەکداران نیگەران لە بۆردومانی فڕۆکە رووسییەکان رێگە نادەن ئەم هێزانە سەرکەوتن و پێشڕەوی زیاتر بەدەستبێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە