25-01-2020
23:25
بزووتنەوەی گۆڕان هاوخەمی بۆ قوربانیانی باکووری کوردستان دەردەبڕێت
کارمەندانی فریاگوزاری لەکاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی قوربانیان. وێنە: AFP
بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا هاوخەمی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان دەربڕیوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات زوو فریای لێقەوماوان بکەون.
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی شاری خارپێتی باکووری کوردستانەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانیش بریندار و زەرەرمەندبوون".
هاوکات بزووتنەوەکە هاوخەمیی بۆ خەڵکی باکووری کوردستان و بەتایبەت کەسوکاری قوربانیان دەربڕیوە و دەڵێ "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەکەین، زوو فریایی لێقەوماوان بکەون".
ئێوارەی رۆژی هەینی بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 6.8 پله‌ی رێخته‌ر شارۆچكه‌ی سیڤیرجه‌ی سه‌ر به پارێزگای خارپێتی هەژاند، بەپێی دوایین ئامارەکان 29 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە و هەزار و 31 كه‌سیش برینداربوون.
دوای رووداوی بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان چەندین وڵات هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی رووداوەکە راگەیاندووە و هیوای زووچاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواستووە.
21:27
كۆسره‌ت ره‌سوول: ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی هاونیشتمانیان لە باکووری کوردستان
کارمەندانی فریاگوزاری هەوڵی رزگارکردنی قوربانییەکان دەدەن. وێنە: AFP
كۆسره‌ت ره‌سوول عه‌لى په‌یامێكی ئاراسته‌ى قوربانیانی بوومەلەرزەكەی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، ئامادەی هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و مرۆیین بۆ رزگارکردنی هاونیشتمانیان لەو رووداو و کارەساتە.
کۆسرەت رەسوول عەلی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندىی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێ "به داخێكى زۆره‌وه شه‌وى رابردوو له زنجیره‌یه‌ك رووداوى سروشتی‌دا بوومه‌له‌رزه له شارى ئه‌لئه‌زیز (خارپێت)ى باكوورى كوردستانی توركیای دا و له‌ئاكامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كى تریش برینداربوون".
هاوکات سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندىی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسه و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌مى ئاراسته‌ى هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان کردووە و رایگەیاندووە "پرسه و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌مى خۆم ئاراسته‌ى خوشك و برایانم له توركیا به‌گشتى و كه‌سوكارى قوربانیان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌م و داواكارم له خواى گه‌وره شیفاى به‌خێری برینداره‌كان بدات".
کۆسرەت رەسوول هەر لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بەزووترین کات بەفریای لێقەوماوانی ئەو ناوچانە بکەون کە بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون.
20:58
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری دەباتە باکووری کوردستان
کارمەندانی فریاگوزاری بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەگەڕێن. وێنە: AFP
لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەچێتە باکووری کوردستان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە توویتەر رایگەیاندووە، لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بڕیاریان داوە بە هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان.
20:14
بوومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی 5.1 پلە خەرپێتی باکووری کوردستانی هەژاند
کارمەندانی فریاگوزاری هەوڵی رزگارکردنی قوربانیان و دەرهێنانی تەرمەکان دەدەن. وێنە: AFP
بۆ سێیەم جار، بوومەلەرزە لە پارێزگای خەرپێتی باکووری کوردستان روویدایەوە و بوومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی 5.1 پلە بە پێوەری رێختەر ئەو پارێزگایەی هەژاند.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا ئەمە سێیەمین بوومەلەرزەیە، بەهۆی بوومەلەرزەکانیشەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 40 کەس لەژێر داروپەردوو رزگارکراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون؛ بوومەلەرزەکان زیانی ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە.
18:48
مەسرور بارزانی لەبارەی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان پەیوەندی بە چاوش‌ئۆغڵو دەکات
مەسرور بارزانی: هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارانی بوومەلەرزەکە دەخوازین
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2020-1-25 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەولوود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەبارەی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان ئەنجامدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەی شاری ئەلئەزیز (خارپێت) و دەوروبەری دەربڕی و، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە خواست".
17:57
لە خارپێت و مەڵەتی بۆ ماوەی سێ مانگ باری کارەساتبار راگەیێندرا
هەوڵدان بۆ رزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکە. وێنە: AFP
حکومەتی تورکیا بەبۆنەی بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەو بۆ ماوەی سێ مانگ باری کارەساتباری لە پارێزگاکانی خارپێت و مەڵەتی راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2020 کە چەند شار و شارۆچکەیەکی باکووری کوردستانی هەژاند، ماوەی سێ مانگ لە خارپێت و مەڵەتی باری رووداوی کارەساتبار راگەیێندرا، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بەشێکی زۆر لە پابەندبوونە یاساییەکان چاوپۆشی و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی گەنجینە و دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بوومەلەرزەوە لە خارپێت و مەڵەتی، جێبەجێکاری یاساکانی باج بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەوێتە باری کارەساتبارییەوە و رایگەیاندووە "ئەوانەی لەم ماوەیەدا باجیان لەسەرە، دەتوانن سوود لە باری کارەساتبار وەربگرن و باجەکەیان لەسەر ئاسان بکرێت".
بەشێک لەو هاونیشتمانییانە بژاردنی پارە دوادەخەن و بەشێکیشیان سوودی کەڵەکەبوو نادەن، هەموو ئەمانەش بەپێی ماددە و پاکێجە جیاوازەکان رێکدەخرێن.
ئێوارەی رۆژی هەینی بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 6.8 پله‌ی رێخته‌ر شارۆچكه‌ی سیڤیرجه‌ی سه‌ر به پارێزگای خارپێتی هەژاند، بەپێی دوایین ئامارەکان 22 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە و هەزار و 31 كه‌سیش برینداربوون.
17:54
بارەگای بارزانی: هیوادارین بە زووترین كات هاوكاریی بگەیێندرێتە لێقەوماوانی باکووری کوردستان
بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان
بارەگای بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی رووداوی بوومەلەرزەی باکووری کوردستان دەکات و هیوادەخوازێت بە زووترین کات فریاگوزاری و هاوكاریی پێویست بگەیێندرێتە لێقەوماوانی رووداوەکە.
شەوی هەینی 24-1-2020 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستانی هەژاند. تاوەکو ئێستا 22 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.
دوای رووداوی بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان چەندین وڵات هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی رووداوەکە راگەیاندووە و هیوای زووچاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواستووە.
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی
بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە باكووری كوردستان و ناوچە كوردنشینەكانی توركیا ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوونە.
سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان بە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە ڕادەگەیێنین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.
هیوادارین بە زووترین كات فریاگوزاری و هاوكاریی پێویست بە لێقەوماوانی ئەم ڕووداوە بگات.
بارەگای بارزانی
٢٥ـی ١ـی ٢٠٢٠
16:25
ئەردۆغان: خانووی نوێ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دروستدەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA
سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە باکووری کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و رایگەیاندووە کە دەبێ هەموو وەزارەت و دەزگاکانی دەوڵەت لە ئامادەباشیدا بن و بڕۆنە شاری خارپێت.
بەمەبەستی سەردانی ئەو ناوچانەی باکووری کوردستان کە بوومەلەرزە لێیداون، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریکردنی لە مەراسیمێکی بۆردی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوە هەڵوەشاندەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لە باکووری کوردستان بەڵێنی دا بە خێزانە لێقەوماوەکان کە حکومەت زەرەر و زیانەکان دەگرێتە ئەستۆ و خانووی نوێیان بۆ دروستدەکات.









15:28
ئەردۆغان دەچێتە باکووری کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەی شوێنی بوومەلەرزەکە
تیمەکانی فریاگوزاری لەکاتی گەڕان بەدوای قوربانییاندا لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا. AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی پارێزگای خارپێت و ناوچەکانی دیکە دەکات کە شەوی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر زیانیان بەرکەوت.
تاوەکو ئێستا 22 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 330 کەسیش برینداربوون. تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان و رزگارکردنی قوربانییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا.
لە نوێترین هەوڵیشیاندا، تیمەکان ئافرەتێکیان دوای 17 کاژێر رزگارکرد کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تیمەکانی فریاکەوتن کردبوو و داوای هاوکاری دەکرد.
بەشێک لە بریندارانی بوومەلەرزەکەی خارپێت لە نەخۆشخانە. وێنە: AA pic.twitter.com/s5dzXSZnus
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 25, 2020
11:57
وەزیری نێوخۆی تورکیا: بەهۆی بوومەلەرزەکە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە
وەزیری نێوخۆی تورکیا: بەهۆی بوومەلەرزەکە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو - هەولێر
وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، 22 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە 18 کەسیان لە خارپێتن و چواری دیکەش لە مالاتیا.
سلێمان سۆیلو، وەزیری نێوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی باکووری کوردستان رایگەیاند، باری نائاساییان لە ئەو ناوچانە راگەیاندووە کە بوومەلەرزە لێیداوە.
لەبارەی ژمارەی بریندارەکان، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، هەزار و 330 کەس برینداربوونە و 39 کەسی دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون.
سەبارەت بە هاوکاریکردنی قوربانییان، ئەو وەزیرە دەڵێت، هاووڵاتییان دەتوانن بەپێی پێویست هاوکاریی قوربانییان بکەن.
بوومەلەرزەکە زیانی بە بەندیخانەی ئەدیامان گەیاندووە، وەزیری نێوخۆی تورکیا دەڵێت، زیندانیانی نێو بەندینخانەکە گوێزراونەتەوە.
10:20
ئافاد: 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 30 کەسیش بریندارن
دەزگای رووداوەکان و باری لە ناکاوی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ 22 کەس بەرزبوونەتەوە و هەزار و 30 کەسی دیکەش بریندارن.
هاوکات مه‌همه‌ت جاهیت تورهان، وه‌زیری ژێرخان و گواستنه‌وه‌ی توركیا ئاماژەی بەوە کرد ''هه‌موو یه‌كه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی و گواستنه‌وه له ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌دا له ئاماده‌باشیدان، دۆخێك له‌ئارادا نییه رێگربێت له‌به‌رده‌م گواستنه‌وه''.
ده‌زگای ئافاد راشیگه‌یاند، له خارپێت پێنج باڵەخانە رووخاون و له مه‌له‌تێش 25 باڵەخانەی دیکە رووخاون.
09:42
بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی دیكه خارپێتی هه‌ژاند
رووداو - هەولێر
كاژێر 09:07 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆ بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی دیکە به‌گوڕی 4.3 پله‌ی رێخته‌ر شارۆچكه‌ی سیڤیرجه‌ی سه‌ر به پارێزگای خارپێتی له باكووری كوردستان هه‌ژاند.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بوومەلەرزەکە به‌قوڵایی 5.2 كیلۆمه‌تر بووه.
هەر بەیانی ئەمڕۆ ده‌زگای ئافاد بڵاویكرده‌وه، له‌دوای كاژێر 07:50 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆوه 11 جار پاشله‌رزه و له‌رینه‌وه له خارپێت روویانداوه. گوڕه‌كانیان تاوەکو سەروو چوار پله‌ی رێخته‌ریش رۆیشتووە.
09:25
راگه‌یێندراوی ده‌زگای ئافاد له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه
راگه‌یێندراوی ده‌زگای ئافاد له‌باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه
رووداو - هەولێر
دەزگای رووداوەکان و باری لە ناکاوی تورکیا - ئافاد راگه‌یێندراوێكی له‌باره‌ی دوایین زانیارییه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو بڵاوكرده‌وه و تێیدا هاتووە، له‌دوای كاژێر 07:50 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆوه 11 جار پاشله‌رزه له خارپێت روویداوه.
به‌پێی راگه‌یێندراوه‌كه، له ناوه‌ندی پارێزگای خارپێت چوار بینا رووخاون، تیمه‌كانی فریاگوزاری له هه‌وڵی دۆزینه‌وه و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ن له‌ژێر داروپه‌ردووه‌كاندان. هه‌روه‌ها تیمه‌كان كێوماڵی ته‌واوی سنووری ئه‌و پارێزگایه ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو.
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه، تاوه‌كو ئێستا 20 كه‌سن و هه‌روه‌ها هەزار و 15كه‌سی دیكه‌ش بریندارن.
به‌پێی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی "ئافاد" هیچ كێشه‌یه‌ك له فڕۆكه‌خانه‌ی خارپێت رووینه‌داوه و كار ده‌كات. تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆبایل و بێته‌له‌كان ته‌نیا دوو كاژێر پچڕاون و ئێستا كارایه. تۆڕی كاره‌با و گازی سرووشتیی هیچ كێشه‌ی تێنه‌كه‌وتووه. هه‌روه‌ها هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان به‌ته‌واوه‌تی راگیراون و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانیشمان له هێڵی ئاسنین ده‌رهێندراون و گواستراونەتەوە وێستگه‌یه‌كی تایبه‌ت.
تیمه‌كانی سه‌ر به 19 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئافاد به هه‌زار و 162 كارمه‌ندی شاره‌زای تیمه‌كانی فریاگوزاری بۆ رزگاركردنی خه‌ڵك له‌ژێر داروپه‌ردووه‌كان و 233 ئۆتۆمبێل و ئامێری تایبه‌ت و سه‌گی مه‌شقپێكراو له ئه‌ركدان.
تاوه‌كو ئێستا شەش هەزار و 65 چادری خێزانی به 144 بارهه‌ڵگر، 400 چادری خزمه‌تگوزاری، 11 هەزار و 532 دۆشه‌ك، 18 هەزار و 720 به‌تانی ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كان كراون.
هاوكات مانگی سووری توركی به 202 كارمه‌ند، 29 بارهه‌ڵگر خۆراكی ئاماده، حه‌وت بارهه‌ڵگر چێشتخانه‌ی گه‌ڕۆك، چوار بارهه‌ڵگر هه‌موو پێداویسته‌كانی خواردن و خواردنه‌وه، دوو مه‌تبه‌خی گه‌ڕۆك، 15 هەزار و 747 دۆشه‌ك، پێنج هەزار و 656 به‌تانی، دوو هەزار و 500 چادر، 193 هەزار و 420 كارتۆن خواردنی ئاماده و پێداویستییه‌كانی ژن و منداڵ، سێ هەزار و 200 كارتۆن ئاردی ره‌وانه‌ی شوێنه‌كانی رووداوه‌كان كردووه.
09:21
ئاماری نوێی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان ئاشکرادەکرێت
وێنەی یەکێک لە باڵەخانە رووخاوەکان. AA
رووداو - هەولێر
ژمارەی قوربانییان بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی باکووری کوردستان لە زیادبووندایە و بەرپرسانی تورکیا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 20 کەس و برینداربوونی هەزار و 15 کەسی دیکە دەکەن.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا دەڵێت، لە شارۆچکەی دۆغانیۆڵی سەربە مەڵەتی چوار کەس و لە خارپێتیش 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ژمارەی بریندارەکان، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، لە مەڵەتی 226 کەس برینداربوونە، پێنج لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە خەوێنراون و ئەوانی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
لە خارپێتیش 560 کەس برینداربوونە و 50 لەو بریندارانە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن لەوانە: 14 برینداریان لەژێر چاودێری چڕدان.
هەروەها لە ئامەد 34 کەس، سەمسوور 25 کەس، ئێلیهـ 6 کەس و ماراش 37 و لە روها 34 کەس برینداربوونە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە. ئاماژەی بەوەشدا تیمەکان خەریکی بە هاناوەچوونی خەڵكن و نزیکەی 30 کەس لە ژێر داروپەردووی خانووەکانن.
به‌پێی دوایین زانیارییه‌كانی دەزگای رووداوەکان و باری لە ناکاوی تورکیا - ئافاد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو له خارپێت و مه‌له‌تێ و ئامه‌دی باكووری كوردستان 20 هاونیشتمانیی گیانیان له‌ده‌ستدا و هه‌زار و 50 كه‌سی دیكه‌ش بریندارن.
تیمه‌كانی فریاگوزاری سه‌ر به ده‌زگای "ئافاد" له شوێنی رووداوه‌كاندا له هه‌وڵی ده‌رهێنان و رزگاركردنی خه‌ڵكی ژێر داروپه‌ردووه‌كاندان. دەزگای بوومه‌له‌رزه‌زانی تورکیا بڵاویکردەوە، شارۆچکەی سیڤریجەی سەر بە پارێزگای خارپێت چەقی ئەو بومەلەرزەیە بووە و قووڵیی بوومەلەرزەکە بە 10 کیلۆمەتر پێوراوە.
بوومه‌له‌رزه‌كه كاریگه‌ری به‌سه‌ر پارێزگاكانی دیلۆك، رووها، مه‌له‌تێ، سێواس، نیده، دێرسم له باكووری كوردستان و پارێزگاكانی سامسوون، تۆكات، چۆڕوم، كایسه‌ری، كڕشه‌هیر، ترابزۆن، ئۆڕدو، گیره‌سوون له هه‌رێمی ده‌ریای ره‌ش هه‌بووه.
دانیشتووانی شارۆچكه‌ی سیڤیرجه و به‌شێكی زۆری هاونیشتمانیانی خارپێت له ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه، له‌ژێر خێوه‌ته‌كان له پاركه‌كان و هۆڵه‌كانی وه‌رزشیدا مانه‌وه.
07:41
بوومەلەرزە لە باکووری کوردستان؛ ژمارەی قوربانییان لە زیادبووندایە
رزگارکردنی قوربانییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان. وێنە:AA
رووداو - هەولێر
شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستانی هەژاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکان 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەس بەهۆی ترسی بوومەلەرزەوە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە.
تاوەری چاودێریی قەندیللی بۆ بوومەلەرزە لە تورکیا بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەکە کاژێر 08:55 خولەک ـی شەوی رابردوو بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سیڤریجە لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان روویداوە.
هاوکات دەزگای رووداوەکان و باری لە ناکاوی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، 782 کەس برینداربوونە و دوای بوومەلەرزەکەش 118 پاشلەرزەی دیکە لەنێوان گوڕی 2.7 تاوەکو 5.4 پلەی رێختەر روویانداوە.
فه‌خره‌دین كۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیاش رایگەیاند، نزیکەی 30 کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندان لە خارپێت.

