رووداو بەڵگەی کۆمەڵکوژیی خێزانێکی کورد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دیمەشق لە دێرەزوور بڵاودەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
فازڵ هەورامی
ناو و وێنەی ئەو خێزانەی کۆمەڵکوژکران
ناو و وێنەی ئەو خێزانەی کۆمەڵکوژکران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رووداو بەڵگەی ڤیدیۆیی و دەنگی لەسەر کۆمەڵکوژیی خێزانێکی کورد لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع، لە 18ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاودەکاتەوە، کاتێک سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی فراوانی کردە سەر شاری رەققە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی هەسەدەدا بوون.
 
جگە لە بەڵگە دەنگی و ڤیدیۆییەکان، رووداو چەند نامەیەکی دەنگیی ئەندامێکی خێزانەکەی بەدەست گەیشتووە لەوکاتەی کوشتارەکە لە گوندێکی رۆژهەڵاتی شاری رەققە کراوە، دەنگەکان بەڵگەی روونن لەسەر کۆمەڵکوژیی ئەو خێزانە.
 
محەممەد دەیویست خێزانەکەی بۆ شوێنێکی سەلامەت بگوازێتەوە 
 
کاتێک رەققە لەژێر هێرشی گرووپە چەکدارەکاندا بوو، محەممەد ئیسماعیل ساڵح خێزانە 12 کەسییەکەی لەنێو بارهەڵگرێکی بچووکی کیا کۆکردەوە و بەرەو حەسەکە بەڕێکەوتن کە ئارامتر بوو لە ناوچەکانی دیکە، بۆیە ماڵباتی محەممەد لە ترسی ژیانیان ئاوارەبوونیان بەرەو رەققە هەڵبژارد، بێ ئاگا لەوەی گرووپی چەکدار بۆسەیان بۆ داناون.
 
هەمان رۆژ کە ئەو خێزانە کۆمەڵکوژ کران، لە هەولێر هەوڵێک هەبوو بۆ راگرتنی شەڕ و رێککەوتن، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە، بەو ئامانجەی شەڕ و هێرش رابگرن، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوام بوو لە هێرشەکەی بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە.
 
چی روویدا؟

بەپێی ئەو بەڵگانەی رووداو دەستی کەوتوون و پشتڕاستی کردوونەتەوە، سەرەتای رووداوەکە بەمشێوەیە دەستیپێکردووە: ماڵباتی محەممەد لە بازگەکە لەلایەن چەکدارانەوە راگیران و کەسێک کە خۆی وەکو فەرماندەی گرووپەکە دەرخستووە، پێی گوتوون "خەڵکی کوێن؟" محەممەد وەڵامی دایەوە: "رەققە." چەکدارەکە پرسی: "کوردن یان عەرەب؟" محەممەد وەڵامی دایەوە: "کوردین، بەڵام سەر بە هیچ پارتێکی چەکداری یان سیاسی نین."
 
ئەو چەکدارە کە خۆی وەکو فەرماندەی گرووپەکە ناساندووە، بە دەنگێکی بەرز گوتوویەتی، "هەموو گەورەکان بکوژن." خێزانەکە هەوڵیاندا لە ئۆتۆمبێلەکە بێنە دەرەوە و لە چەکداران بپاڕێنەوە نەیانکوژن، بەڵام سوودی نەبوو، دەستبەجێ یەکێک لە چەکدارەکان گوللـەیەکی لە سەری محەممەد دا و کوشتی.
 
دواتریش سارا شاهین ساڵح، دایکی منداڵەکان و هاوژینی محەممەد لەلایەن گرووپەکەوە خرایە سەر زەوی و گوللەیەکیان لە پشتی سەریدا، دواتر هەموو ئەندامانی خێزانەکە گوللـەباران کران.
 
سێ لە منداڵەکانی خێزانەکە بە ناوەکانی، یوسف (20 ساڵ)، لەیلا (17 ساڵ)، ئەڤین (10 ساڵ)، گیانیان لەدەستدا لەگەڵ مەحموود ئەحمەد ساڵحی 26 ساڵ کە زاوای خێزانەکە بوو و لە هەمان کاتدا ئامۆزایشیان بوو.
 
ئەوانەی نەکوژران، هەوڵیاندا هەڵبێن، بەڵام تەقەیان لێکرا و هەموویان بریندارکران. لەنێویاندا: شیرین محەممەد ساڵح، ئەو ژنە 25 ساڵانەی مەحموودی هاوژینی کوژرا، ئەو بووە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە و نامە دەنگییەکانی دەست رووداو کەوتن. 
 
شیرین بە برینداری دەستی بۆ مۆبایلەکەی برد و 9 نامەی دەنگی بۆ ئیسماعیلی برای هاوژینەکەی نارد کە ئامۆزاشیەتی.
 
لە نامە دەنگیەکاندا شیرین هاوار دەکات و دەڵێت: "باوکم رۆی، یوسف نەما، مەحموود نەما و دایکیشم نەما، بانگیان دەکەم، بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە."
 
کامەران عوسمان، بەرگریکاری مافی مرۆڤ و خاوەنی ساڵانێک ئەزموون و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، وێنە، ڤیدیۆ و بەڵگە دەنگییەکانی بۆ رووداو نارد.
 
شیرین لەوکاتەی نامە دەنگییەکانی بۆ ئامۆزاکەی ناردن، محەممەد ئیسماعیلی باوکی کە تەمەنی 50 ساڵ بوو، سارا شاهینی دایکی (49 ساڵ)، یوسف محەممەد ساڵحی برای (20 ساڵ)، لەیلا محەممەد ساڵح (17 ساڵ)، ئەڤین محەممەد ساڵحی خوشکی (10 ساڵ) لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی مەحموود ئەحمەد ساڵح (26 ساڵ)، هەموویان کوژرابوون.
 
لە نامە دەنگییەکاندا، شیرین دەڵێت، "ئیسماعیل، گوللـەیەک بەر پشتم کەوتووە، لەوانەیە بمرم، منداڵەکانم لە دەستی ئەواندان، وەرن و بیانبەن."

 

 
گواستنەوەی برینداران و وردەکاریی دیکە 
 
شیرین لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا دەڵێت: ئەوانەی لە خێزانەکەیدا کوژران، تەرمەکانیان لەو دەشتە بەجێهێڵدران، بریندارانیش لەلایەن چەکدارانەوە برانە نێو ئۆتۆمبێل و لەسەر رێگەیەک لە نزیک دێرەزوور فڕێدران، پاشان چەکدارەکان خۆیان ونکرد.
 
لەدوای رۆیشتنی چەکدارەکان، خێزانێک بەو رێگەیەدا تێپەڕیون و بریندارەکانیان بردووەتەوە ماڵەوە، دواتریش بردوویانن بۆ نەخۆشخانە. شیرین دەردەسەری و چیرۆکی خێزانەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە.
 
تەرمی ئەو کەسانەی خێزانەکە کە کوژران، هەر لە هەمان شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، لەلایەن گوندنشینانی ئەبو خەشەب بەخاکسپێردران. 

 

 
لەو بەڵگە ڤیدیۆییەی بۆ رووداو نێردراوە، دەردەکەوێت، پاش ئەوەی پەیوەندی بە کەسوکارییانەوە کراوە، دەنگی پیاوێک دێت و دەڵێت، "دراوسێمان بوون،" بە دەوری بارهەڵگرەکەدا دەسوڕێتەوە و تەرمەکان پێشانی ئەو کەسانە دەدات هەڵیان دەگرنەوە.
 
دیار نییە بریندارەکان چۆن براونەتە رەققە، بەڵام سەرەتا برابوونە دێرەزوور و چارەسەرکرابوون، پاشان ئەوان لە ماڵی دراوسێکانیان دانرابوون و چارەسەرکرابوون، لە دەرەوەش کەسوکاریان پارەیان ناردووە بۆ ئەوەی پزیشکێک لە ماڵەوە چارەسەریان بکات.
 
ئەو رووداوانە لە کاتێکدا لە دێرەزوور تۆمارکران، تۆم باراک بە کەیفەوە باسی لە رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی سووریا دەکرد، ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ستایشی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات بۆ هەوڵە بونیاتنەرەکانیان لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.''
 
هەروەها رایگەیاندبوو، "ئەو ئاگربەستە رێگە خۆش دەکات بۆ گفتوگۆی نوێ و هاوکاری بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو.''
 
جگە لەوانەی لە ماڵباتی محەممەد کوژران، چەند کەسێکیش برینداربوون، لەوانە غەزاڵ محەممەد ساڵح (16 ساڵ). ئیبراهیم محەممەد ساڵح و منداڵەکانی مەحموود ساڵح بەناوی: شادی (6 ساڵ)، ئیبراهیم (4 ساڵ) و لاڤەند (2 ساڵ).
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

25-01-2026 2

کەمپەینی رەنجی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان؛ منداڵانیش دەخیلەکانیان بەخشی

کەمپەینی 'رەنجی رووداو' بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان، لەم وێنانەدا دەردەکەوێت منداڵ، گەنج و بە تەمەن هاوکاریی بۆ کەمپەینەکە دەهێنن.