لە هەولێر لەسەر رووبەری 50 دۆنم شوێنێک بۆ سەگە بەڕەڵاکان دروستدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
زۆربوونی سەگی بەڕەڵا لەنێو گەڕەک و شەقامەکانی هەولێر نیگەرانی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەک و شوێنانەی لێکەوتووەتەوە، شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، شوێنێکیان دیاریکردووە، کە هەموو سەگەکانی تێدا کۆدەکرێنەوە و "تاڕاددەیەکی باش" ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات.
ئەندازیار ژیار جەلال، بەرپرسی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دوای زیادبوونی دیاردەی پەلاماری سەگ بۆ سەر هاونیشتمانیان ئێستا لیژنەیەکی هاوبەش پێکهاتووە، کە تێیدا پارێزگاری هەولێر، قایمقامیەتی هەولێر، شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ تێیدا ئەندامن، نزیکەی 50 دۆنم زەوی لەسەر رێگەی گوێڕ و بە دووری 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دیاریکراوە، بۆ دروستکردنی شەڵتەرێکی گەورە بۆ کۆکردنەوە و داڵدەدانی سەگەکان".
بەرپرسی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە ئاماژەدان بەوەی ئێستا لە شاری هەولێر شەڵتەرێکی دوو دۆنمی هەیە گوتی: "بەڵام ئەم شەڵتەرە بچووکە و بەرگەی ئەو هەموو سەگە ناگرێت، کە لە شەقامەکانن بەڵکو ئەو ئاژەڵانەی لێ کۆدەکەینەوە کە ئۆتومبێل لێیداون یان بریندارکراون بە هەر هۆکارێک بێت" .
ئەندازیار ژیار جەلال ئاماژەی بەوەکرد، گرتنی سەگەکان ئەرکێکی قورس و کارێکی زەحمەتە، ئەگەر چەکی سڕکەر بەکاربێنین گرتنی هەر سەگێک 10 دۆلار دەکەوێت و خەساندنەکەشی زیاتر لە 20 دۆلاری دەوێت. بۆیە دروستکردنی شەڵتەر و دەستگیرکردنی سەگەکان بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت .
لەبارەی ئەو بڕە پارەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی شەڵتەرەکە، ژیار جەلال گوتی، بەپێی خەمڵاندنی ئێمە بڕی 300 ملیۆن دینارمان پێویستە بۆ دروستکردنی شەڵتەرەکە و بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەی سەرۆکی هەرێمیش هاوکاری پرۆژەکەیە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەنەوە.
جگەلەوەی لە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی کوردستان سەگی بەڕەڵا زۆرە و بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی هەراسان کردووە. لە چەند ساڵی رابردووشدا ژمارەیەکی زۆر لە پێشانگە و دووکانی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی سەگ کراونەتەوە. ئەم پێشەنگەیانە بۆ قازانج و لەسەر خواستی خەڵك لە ئۆكراینا، رووسیا، سربیا، بیلارووسیا، توركیا، سووریا، ئوردن، ئێران و هەندێ وڵاتی دیكە سەگ بە فەرمی و نافەرمی هاوردە دەكەن، هەندێکجاریش سەگی خۆماڵی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن.
هەروەها لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵیش، بڵاوبوونەوەی وێنەی چەند سەگێک بە مردووی لە شارۆچکەی سنوونێ و دەوروبەری قەزای شنگال لە چەند رۆژی رابردوودا کاردانەوەی دروستکرد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری ناحیەی سنوونێ لە سنووری قەزای شنگال بە رووداوی راگەیاند، "بەهاوکاری پۆلیسی شنگال لە سێ رۆژدا 400 سەگمان ژەهرخوارد کردووە." دواتر عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی موسڵ بە رووداوی راگەیاند، کە سەگە کوژراوەکان هار ببوون و تەرمی چەکدارانی داعش و خەڵکیان خواردبوو.