رووداو دیجیتاڵ
شێوازی کوشتنی سەگە بەرەڵاکانی شارۆچکەی سنوونێ و دەوروبەری قەزای شنگال و موسڵ لە پارێزگای نەینەوا کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی موسڵیش دەڵێت، ئەو سەگە بەرەڵایانە بەهۆی خواردنی تەرمی چەکدارە بەجێماوەکانی داعش و خەڵکی دیکەی شارەکەوە تووشی نەخۆشیی هاری ببوون و پەلاماری خەڵکیان دەدا.
دکتۆر خەلەف حەیدەر، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی ناحیەی سنوونێ بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "بە هاوکاریی پۆلیسی شنگال لە سێ رۆژدا 400 سەگمان ژەهرخوارد کردوون، بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکەیان زۆر بێزار کردووە و هیچ رێگەیەکی دیکەمان بۆ لەناوبردنی ئەو سەگانە نەبوو."
لەبارەی سەگە بەرەڵاکانی شاری موسڵەوە عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی موسڵ دەڵێت: "دوای ئازادکردنی شارەکە لە دەست تیرۆریستانی داعش، ئەو سەگە بەرەڵایانە ژمارەیان زۆر زیادی کرد و تەرمی ئەو چەکدارانەی داعش و خەڵکی دیکەیان دەخوارد کە لەنێو شارەکەدا مابوون. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی سەگەکان هار و دڕندە ببن، هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ئەو سەگانە پەلاماری خەڵک بدەن."
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی موسڵ باس لە دوو رووداوی جیا لە شاری موسڵ دەکات کە لەلایەن ئەو سەگە بەرەڵایانەوە هێرش کراوەتە سەر دوو منداڵ و هەردووکیان مردوون.
عودەی عەبادی دەڵێت: "کچۆڵەیەکی چوار ساڵان لەلایەن ئەو سەگە بەرەڵایانەوە هێرشی کرایە سەر و خواردیان. هەروەها ئەو سەگە بەڕەڵڵایانە هێرشیان کردە سەر منداڵێکی دیکە و بەشێک لە دەست و پێیان خوارد و بەو هۆیەوە مرد."
عودەی عەبادی پێیوایە بابەتی سەگە بەرەڵاکان لە پارێزگای نەینەوا جیاوازە و دەڵێت: "ژمارەی سەگە بەرەڵاکان زۆرە و کۆنترۆڵ ناکرێن. شەوانە و لە کاتی بەرەبەیانیشدا ئەو سەگە بەرەڵایانە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی شارەکە و، خەڵکێکی زۆریش سکاڵایان بەرز کردووەتەوە."
هاوکات د. عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی موسڵیش لەسەر ئەو پرسە بە پێویستی زانی چارەسەرێکی راستەقینە بۆ کێشەی زۆربوونی سەگە بەڕەڵڵاکان بدۆزرێتەوە، نەک بەو شێوەیەی ئێستا کە لە عێراق کاری پێدەکرێت.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی موسڵ باسی لەوە کرد"لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە مافی ئاژەڵان تێیاندا پارێزراوە، پابەندن بەو پێوەر و رێکارانەی کە رێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵان دیاریان کردوون. یەکێک لەو رێگایانەیش کە بۆ رێگریکردن لە زۆربوونیان دەگیرێتە بەر کۆکردنەوەیانە لە شوێنێک و خزمەت و پەروەردە دەکرێن و پاشان لە رێگەی دەرزییەوە نەزۆک دەکرێن. گرتنەبەری رێکارێکی لەو شێوەیەیش پێویستی بە توانای داراییە و پارەی زۆری دەوێت."
بەپێی ماددەی 4ی یاسای ژمارە 48ـی ساڵی 1986، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەندکراوە، تایبەتە بە لەناوبردنی سەگی بەرەڵا لە شەقامە گشتییەکان و دەرەوەی ماڵەکان، لەنێو شار و شارۆچکەکان، دەبێت لەلایەن تیمی تایبەتەوە ئەو جۆرە سەگانە لە رێگەی گوللـە یاخود هەر رێگەیەکی دیکەوە لەنێو ببرێن. یاساکە ماف بە وەزیری کشتوکاڵ دەدات کە بەپێی پێشنیازی فەرمانگەی تایبەت بە رێکخستنی ئەو کارە رێنمایی دەربکات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەگە کوژاروەکان کۆبکەنەوە لە شوێنی دووری تایبەت بەم مەبەستەدا بسووتێنرێن.
د. سلێمان تەمەر، بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان لە دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بڕگەی گفتوگۆی رۆژانەی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەلایەن رۆژان ئەبوبەکرەوە پێشکەش دەکرێت رایگەیاند: "کوشتنی سەگەکان کارەساتێکی زۆر گەورەیە و لە هەموو عێراقیش ئەو کارە دەکرێت. ئێمە وەکو رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان و هەموو ئاژەڵدۆستان و ژینگەپارێزان سەرکۆنەی کوشتنی ئەو سەگانە دەکەین."
سلێمان تەمەر پێیوایە کوشتنی سەگەکان "لەم سەردەمەدا و بەو شێوازە، لە هەموو پرەنسیپ و یاسا و بەندە نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم ئایینە ئاسمانییەکانیش دوورە و دژی ئەو رێکارەن."
بە بڕوای بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان کوشتنی ئەم جارەی سەگەکان لە سنوونێ و شنگال جیاوازە لەو رێکارانەی پێشتر لەو پێناوەدا گیراونەتە بەر و دەڵێت، بۆ کوشتنی ئەو سەگانەش پەنا براوەتە بەر یاسای ژمارە 48ی ساڵی 1986 و یاسای ژمارەی 32ی ساڵی 2013 کە بەپێی ئەو دوو یاسایە رێگە بە کوشتنی سەگ دراوە لە رێگەی گوللـە یان ماددەی تایبەت کە هەردووکیان لە رووی نێودەوڵەتیەوە قەدەخەکراون.
بەرپرسی رێکخراوی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی ئەم جارە کە لە سنوونێ بەکارهێنراوە جیاوازە، ئەویش بەکارهێنانی ماددەی ژەهراویی کشتوکاڵی بووە، بۆ کوشتنی ئاژەڵێکیش لە رێگەی ئەو ماددە ژەهراوییەوە کاتی زیاتری پێویستە تاوەکو دەمرێت.
هەروەها د. جووتیار ژاژڵەیی، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان پێیوابوو ئەو یاسایەی رێگەی بە کوشتنی ئاژەڵان دەدات "یاسایەکی گونجاو نییە. پێش ئەوەی وەکو چالاکوان و ئاژەڵدۆست و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵان سەرکۆنەی ئەو کارە بکەین و رەتی بکەینەوە، بە راستی وەکو مرۆڤ ئەم کارە رەت دەکەینەوە."
جووتیار ژاژڵەیی ئەوە ناشارێتەوە کە ژمارەی سەگی بەرەڵا و بێخاوەن زۆر بووە و دەشڵێت: "ئەوەش دەبینین کە لە هەندێک شوێن کێشە و مەترسییان دروست کردووە، بەڵام ئەوەی سەرۆکی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و قایمقامەکان و خەڵکیش نایزانن، بە هیچ شێوەیەک ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکو خراپترین جۆری چارەسەرە."
ئەندامەکەی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان بە سەرسووڕمانەوە دەڵێت: "خۆ ئەم سەگانە وەکو درەخت نەڕواون تاوەکو تۆزێک نەوت بکەیتە ژێریان بۆ ئەوەی لە رەگەوە کۆتاییان پێبهێنرێت! ئەگەر چەند سەگێکی نێر و مێ لەو شوێنە مابن، دووبارە ساڵێکی دیکەی کێشەی سەگی بەرەڵڵامان بۆ دروست دەبێتەوە."
جووتیار ژاژڵەیی پێیوایە کەمکردنەوەی ژمارەی سەگەکان بەو شێوەیە "بۆ ناوبانگی شوێنەکە و ئەو کەسەی ئەو فەرمانەی دەرکردووە زۆر خراپە."
هەروەها بەشێک لە دانیشتووانی موسڵی کۆن لە هەوڵدان خانووەکانیان بفرۆشن و بۆ گەڕەک یان شارەکانی دیکە کۆچ بکەن، بەڵام زۆربەی خانووەکان کڕیاریان نییە. هاوکات بۆنێکی ناخۆشیش چەند ناوچەیەکی شارەکەی تەنیوەتەوە کە خەڵکی دەڵێن هی تەرمی ژێر داروپەردووەکانە.
بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی تەنیووە. خەڵکەکە دەڵێن بۆنەکە لەو تەرمانەوە دێت کە هێشتا لەژێر دارووپەردووەکاندا ماون و بەشێکیشی بەهۆی خراپیی ئاوەڕۆ و شەخەڵگەی نایاساییەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ