مەزڵووم عەبدی: کۆبوونەوەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بەرهەمدار بوو
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا "بەرهەمدار" بووە و باسیان لە دۆخی ناوچەکە و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کردووە.
مەزڵووم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دیدارەکەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی "سوودمەند و بەرهەمدار" بووە و نووسیویەتی: "هاوکاری و کاری پێکەوەیی لەبەرچاو دەگرین بۆ هێنانەدی ئاییندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان." ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو دیدارە هاوکارییە هاوبەشەکانیان بەهێزتر دەکات و نیشانەی پابەندبوونیانە بۆ بونیاتنانی پەیوەندیی بەهێز.
رۆژی 24-02-2026، لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەزلووم عەبدی و بافڵ تاڵەبانی بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرا.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لەگەڵ نێردەی ئەمریکا تاوتوێی دوایین دۆخی ناوچەکە و ئەو رێککەوتنەیان کردووە کە لە 29ی کانوونی دووەمی رابردوو کراوە.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەو دیدارە دەرفەتێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێڕوانینەکان لەبارەی رێگەکانی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە و کارکردن پێکەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە گەلی سووریا پێیدا تێپەڕ دەبن."
لە 29ی کانوونی دووەمی رابردوودا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی رێککەوتن، کە بریتین لە، راگرتنی شەڕ و پێکدادان، تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و بەڕێوەبردنی هاوبەشی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.