لە ئاسمانی هەولێر چی روویدا؟

رووداو دیجیتاڵ

لە کاژێرەکانی کۆتایی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە بە ئاسمانیی هەولێردا سووڕایەوە، بە جۆرێک هاونیشتمانییان هەستیان بە نیگەرانییەکی زۆر کرد، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، پێویست بە نیگەرانی ناکات و ئەو فڕۆکانە بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەسووڕانەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-3-2026 بە رووداوی راگەیاند، ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە چڕی لە ئاسمانی هەولێر و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێن و سەرقاڵی پاراستنی ئاسمانی ناوچەکەن لە هەر هەڕەشەیەک.
 
سەرچاوە ئەمنییەکە گوتی: "زیاتر لە چوار مووشەک و پێنج درۆن لە لایەن ئێران و سنوورەکانی باکوورەوە (حاجی ئۆمەران) بە ئاراستەی هەولێر هاوێژراون. درۆنەکان بە مەبەستی تێکدانی سەرنج و سەرقاڵکردنی سیستەمی بەرگریی 'سیڕام' نێردرابوون، بەڵام پێش گەیشتنیان بە ئامانج، لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە لە ئاسمان تێکشکێندراون."
 
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "هیچ کەس پێویست ناکات بترسێ و تووشی دڵەڕاوکێ بێت، ئەو دەنگەی لە ئاسمانی هەولێر دەبیسترێ دەنگی فڕۆکەی هاوپەیمانانە بۆ پاراستن و چاودێری کردنی ئاسمانی شاری هەولێر."
 
کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان
 
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای ئەوەی فڕۆکەکان بە مووشەک بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە، پاشماوەی تێکشکێنراوی یەکێک لە مووشەکەکان لە باشووری سۆران و دانەیەکی دیکەشیان لە ناو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆردوومان کرا. وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بارەگاکەی پێشمەرگە بە شەش مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کراوە، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون.
 
دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو کەرکووک بە بەردەوامی دەبیسترا. سەرچاوەکەی رووداو هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە: "لە ناو سیستەمی راداری و تۆڕی هاوپەیمانانەوە جموجۆڵی تەنە نامۆکان بەدی دەکرێت، بۆیە فڕۆکەکان لە حاڵەتی ئامادەیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دیکە."
 
کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سووڕانەوەی فڕۆکەکان درۆنێک لەسەر یەکێک لە باڵەخانەکانی گوندی لوبنانی لەسەر رێگەی هەولێر - بەحرکە کەوتە خوارەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی دەست رووداو کەوتوون، لەگەڵ کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە، کارەبای باڵەخانەکە پچڕا، هەروەها زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت، کە لە بەردەم باڵەخانەکەدا راگیرابوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.